Accessibility links

ئۆکرانیا: هەواڵگری ئۆکرانیا دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا


وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێسکی ڕێزنیکۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆیتەرزی وت لە دوایین ڕاپۆرتی هەواڵگری ئۆکرانیادا هیچ بەڵگەیەک نەبیندراوە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا.

وتیشی ئۆکرانیا تەنها لە کاتێکدا بڕوا بە ڕووسیا دەکات کاتێک هێز و کەلوپەلە سەربازیی و چەکەکانی بکشێنێتەوە، بەو هێزانەشەوە کە ڕەوانەی بێلاڕووسی کردوون بۆ ئەنجامدانی مەشق کە وابڕیارە لە 20 ی مانگی دوودا کۆتاییان پێبێت.

بەگوێرەی سوپای ئۆکرانیا، لە ئێستادا نزیکەی 140,000 سەربازی ڕووسی و هێزەکانی جیاخوازەکان لەنزیک ئۆکرانیا جێگیرکراون، 125,000 سەربازیشیان سەر بە هێزی پیادەن. 9000 سەربازی ڕووسی لە بێلاڕووس جێگیرکراون.

ڕێزنیکۆڤ وتی ئۆکرانیا نزیکەی 35,000 سەربازی لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا هەیە، کە لەوێش لە ساڵی 2014 ەوە هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا دژی جیاخوازەکان دەجەنگن کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا گومانی هەیە لە بەیاننامەکانی ڕووسیا بۆ کشانەوەی هێزەکانیان.

زیلنسکی وتی " هێزێکی زۆری ڕووسیمان بینیوە، لەم هەفتانەی دواییدا ئەوە هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە، جموجۆڵی کەم کەم دەبینین. من بەو جموجۆڵانە ناڵێم کشاندنەوەی هێزەکانی ڕووسیا."

لەلای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا پیشانی دەدات تانک و ئوتومبێلە زریپۆشەکان و تۆپهاوێژەکانی نیمچە دورگەی کرێمیا جێدەهێڵن کە لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا دەستی بەسەردا گرت.

ڕێزنیکۆڤ وتی " بەداخەوە ناتوانین ئەم زانیارییانە پشتڕاست بکەینەوە. کشانەوەی ئەو هێزانە لەلایەن هەواڵگری ئۆکرانیا و هەواڵگری هاوبەشە ستراتیژییەکانمانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە."

وتیشی تەنانەت ئەگر ڕووسیەکان لە یەک شوێن بکشێنەوە، ئەوە تەنها " کۆچکردن " دەبێت بۆ ناوچەیەکی دیکەی نزیک ئۆکرانیا، نەک کشانەوەیەکی ڕاستەقینە.

وتی " دەبێت سەرجەم هێزەکان بگەڕێنەوە بۆ بنکە هەمیشەییەکانی خۆیان. ئەو کاتە دەتوانین بڵێین پلانە دوژمنکارییەکانیان هەڵوەشاندۆتەوە."

هەروەها وتی " کشانەوەی سەربازەکان بە تەنها بەس نیە، دەبێت چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانیش بکشێندرێنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG