بەرپرسێکی بەرگری ئۆکرانیا دەڵێت شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا " بە شێوەیەک چڕتر بووەتەوە " لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لانیکەم لە سێ ناوچەدا لە بەرەی ڕۆژهەڵات شەڕ دەکەن.
لە هەواڵێکی جیادا سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند بەشێکی گوندێکی باشووری ڕۆژهەڵاتی دۆنێتسکی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە، لە نزیک چەند گوندێکەوە کە ئۆکرانیا لە مانگی شەشدا کۆنتڕۆڵی کردنەوە.
ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وتی " دوژمن هەوڵێکی شکستخواردووی داوە بۆ دووبارە گرتنەوەی ئەو شوێنانەی کە لە بەشی باکووری ستارۆمایۆرسکی لە دەستی داون."
ئەمەش یەکەمین جار بوو لە دوای دەستپێکردنی هێرشە پێچەوانەکەیەوە لە مانگی شەشدا ئۆکرانیا بە فەڕمی ڕایبگەیەنێت کە بەرەوپێشچوون هەبووە لەو گوندەدا، هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیا ئامانج لێی دووبارە گرتنەوەی ئەو ناوچانەیە کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە داگیرکراون.
جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا هانا مالیار وتی هێزەکانی ڕووسیا ماوەی دوو ڕۆژە بە ئاڕاستەی کوپیانسکی هەرێمی خارکیڤ هێرش دەکەن.
وتی " ئێمە لە بەرگریداین. شەڕێکی سەخت هەیە، ڕۆژانە چەندین جار شوێنەکانی هەردوولا دەگۆڕێن."
مالیار وتیشی هێزەکانی ئۆکرانیا و هێزەکانی ڕووسیا لە دەوروبەری شاری خاپوورکراوی باخموت بۆردومانی یەکتر دەکەن، بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا بە درێژایی بەرەی باشوور " بەرەو پێشەوە دەڕۆن."
وتیشی هێزەکانی ئۆکرانیا لە نزیک ئادڤیکا و مارینکا بەرپەرچی هێرشەکانی ڕووسیا دەدەنەوە.
وتەبێژێکی سەرکردایەتی باشووری ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکی جیادا وتی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ زیاتر لە یەک کیلۆمەتر لە بەشێکی بەرەی باشوور پێشڕەوییان کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز