Accessibility links

هێزەکانی ئۆکرانیا بەرەو خێرسۆن پێشڕەوی دەکەن


خێرسۆن
خێرسۆن

ڕۆژی پێنجشەممە هێزەکانی ئۆکرانیا فشارەکانیان لە دەوروبەری هێزەکانی ڕووسیا لە شاری خێرسۆنی باشووری داگیرکراوی ئۆکرانیا توندتر کردەوە، هاوکات حکومەتی ئۆکرانیا فەرمانێکی دەرکرد و تیایدا داوای لە هاوڵاتیانی سەرانسەری وڵاتەکەی کرد کەمتر کارەبا بەکاربهێنن، ئەوەش بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئۆکرانیا.

لە شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا کە تەنها شارە هێزەکانی ڕووسیا لە سەرەتای داگیرکارییەکەیانەوە لە ئۆکرانیا بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵییان کردووە، بەڕێوبەرایەتییەکەی شارەکە کە لەلایەن ڕووسیاوە دەستنیشان کراوە دەستیکرد بە گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی شارەکە، کە تەنها ڕێگەیە بۆ نیمچە دوورگەی کرایمییە کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا لکاندنی بە ڕووسیاوە.

ڕۆژی چوارشەممە کیریل ستریمۆسۆڤی جێگری بەرپرسی بەڕێوبەرایەتییەکەی خێرسۆن کە لەلایەن ڕووسیاوە داندراوە گوتی ئۆکرانیا هێرشێکی دەستپێکردووە بەرەو نۆڤایا کامیانکا و بێریسلاڤ لە هەرێمی خێرسۆن.

لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا ئۆپەراسیۆنەکانی بە نهێنی هێشتەوە، سوپای وڵاتەکە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە وتی لە هەرێمی خێرسۆن 43 سەربازی ڕووسیا کوژراون و شەش تانک لەگەڵ کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکەدا لەناوبراون.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە هەواڵەکان سەبارەت بە گۆڕەپانی جەنگەکە پشتڕاست بکاتەوە.

کەناڵی دەوڵەتی ڕووسیا گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە و تیایدا خەڵکەکە لە ڕێی بەلەمەوە بە ڕووباری دنیپرۆدا هەڵدێن، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ دەرخستنی گواستنەوەی هاوڵاتیان پێش ئەوەی ناوچەکە ببێتە گۆڕەپانی جەنگ.

بەرپرسی خێرسۆن ڤلادیمیر ساڵدۆ گوتی لە ماوەی شەش ڕۆژی داهاتوودا نزیکەی 50,000 بۆ 60,000 کەس لە خێرسۆن دەگوازرێنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا ڕووسیا لە توانایدا هەیە بەرگری لە شارەکە بکات و ئەگەر پێویستیش بکات لە توانایدا هەیە هێرشی پێچەوانە ئەنجام بدات.

ڕۆژی پێنجشەممە حکومەتی ئۆکرانیا بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە کۆتوبەندی خستەسەر بەکارهێنانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتەکە، ئەوەش دوابەدوای هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئۆکرانیا.

بەرپرسانی حکومەتی ئۆکرانیا و بەرپرسێکی وێستگەی ئۆکرینیرگۆ وتیان پێدانی کارەبا لە کاتژمێر 7 ی بەیانییەوە بۆ 11 ی شەو کۆتوبەندی دەخرێتەسەر.

ئۆکرینیرگۆ گوتی " لە کاتی سەرمادا داوای یارمەتیتان لێناکەین." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر ئەوەی کە کۆتوبەندەکە تەنها بۆ ڕۆژی پێنجشەممەیە.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕووسیا هێرشە موشەکییەکانی و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ سەر ژێرخانی کارەبا و ئاوی ئۆکرانیا زیاتر کردووە.

شەوی چوارشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە وتارێکدا گوتی " زیانێکی دیکە گەیەندراوە بە ژێرخانە هەستیارەکان. ئەمڕۆ دوژمن سێ دامەزراوەی وزەی لە ناوبردووە."

گوتیشی " پێمان وایە تیرۆرەکەی ڕووسیا بەردەوام دەبێت دژی دامەزراوەکانی وزە هەتاوەکو ئەو کاتەی بە یارمەتی هاوبەشەکانمان دەتوانین لە %100 ی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دوژمن بخەینە خوارەوە."

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە زێلێنسکی وتارێک پێشکەشی کۆبوونەوەکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بکات کە تیایدا ڕابەرانی 27 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی بژاردەکان دەکەن بۆ یارمەتیدانی زیاتری ئۆکرانیا.

شایەتحاڵانی ڕۆیتەرز دەڵێن ڕۆژی پێنجشەممە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شاری میکۆلایڤیان داوە، بەڵام ڕوون نیە ئایا تەقیونەتەوە یاخود چەندێک زیانییان لێکەوتۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG