Accessibility links

ئۆکرانیا: سێ کەس بەهۆی هێرشێکی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆدێسا کوژراون


سوپای ئۆکرانیا دەڵێت بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیاوە بۆ سەر شاری ئۆدێسای سەر دەریای ڕەش سێ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، ئەوەش دوای ئەوەی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەسەر بینایەکی نیشتەجێبووندا کەوتۆتە خوارەوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک.

وتەبێژی سەرکردایەتی سەربازیی باشووری ئۆکرانیا وتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی هەرێمی ئۆدێسا هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شاهید" و دوو موشەکییان خستۆتە خوارەوە.

وتی "بەهۆی بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەکانەوە، پاشماوەی یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر بینایەکدا کەوتۆتە خوارەوە و ئاگرکەوتۆتەوە."

دەزگای خزمەتگوزاری فریاگوزاری بەپەلە وتی 27 کەس کە منداڵیشیان تێدا بووە بریندار بوون، بەڵام ئاگرەکە بە خێرایی کۆنتڕۆڵ کراوە و 12 کەس لە بیناکەدا ڕزگار کراون.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهید دروستکراوی ئێرانن. ڕۆژی هەینی جان کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی وتی "کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بانگەشە فریودەرانەکانی سەبارەت بە دەستوەردان نەکردنی، بەڵام هێشتا بە ناردنی "چەکی کوشندە" بۆ ڕووسیا بڵێسەی شەڕی ئۆکرانیا هەڵدەگیرسێنێت."

کێربی بە پیشاندانی ئەو وێنانەی لە مانگی دەستکردەوە وەرگیراون، بە ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی گواستنەوەی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دروستکراون بۆ ڕووسیا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ڕێگەی بەندەری ئەمیرئابادی دەریای خەزەرەوە بە قاچاخ دەگوازرێنەوە بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG