Accessibility links

سەربازێکی ئۆکرانیا دەڵێت هێشتا هاوڵاتیانی مەدەنی لە وێستگەی پۆڵای ماریوپۆڵ گیرییانخواردووە


وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ، ماریوپۆڵ، ئۆکرانیا
وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ، ماریوپۆڵ، ئۆکرانیا

ڕۆژی دووشەممە سەربازێکی ئۆکرانیا کە لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵدا خۆی حەشارداوە وتی نزیکەی 200 هاوڵاتی مەدەنی هێشتا لە ژێرزەمینەکانی وێستگەکەدا ماونەتەوە، ئەمەش دوای هەوڵەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی بە ڕابەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وێستگەکەدا بەڕێوەچوو.

جێگری فەرماندەی یەکەی سەربازیی ئازۆڤی ئۆکرانیا، کاپتن سڤیاتۆسلاڤ پالامار بە ڕۆیتەرزی وت سەربازەکانی گوێیان لە دەنگی ئەو خەڵکانە بووە کە هێشتا لە ژێرزەمینەکانی وێستگە گەورەکەدا گیرییان خواردووە.

وتی ئافرەت و منداڵ و خەڵکانی بە تەمەن بوون، بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا لەوێ ئەو پێداویستییانەیان لانیە تاوەکو بتوانن پاشماوە و خاشاکەکە لاببەن و دەریانبهێنن.

پالامار وتی " پلانمان هەبوو بۆ شکاندنی ژێرزەمینەکان بەڵام شوێنی چوونە ژوورەوە بۆ ژێرزەمینەکان گیرابوون، بەڵام بەدرێژایی شەوی ڕابردوو تۆپهاوێژەکانی هێزی دەریایی و تۆپهاوێژەکانی دیکە بۆردومانییان کردووە، ئەمڕۆش بۆردومانەکان بەردەوام بوون."

ژمارەیەکی نەزاندراو لە هاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی ئۆکرانیا هێشتا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵدا ماونەتەوە و خۆیان حەشارداوە. لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بۆردومانی شارەکەیان کردووە و گەمارۆیان داوە.

شاری ماریوپۆڵی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە بۆ ڕووسیا، چونکە دەیەوێت ڕێڕەوێکی وشکانی لەنێوان ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و نیمچە دورگەی کرایمییەدا دروست بکات کە لە ساڵی 2014 دا گرتییە خۆی.

لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی ئازۆڤستاڵیان جێهێشت، ئەمەش لەڕێی هەوڵێکی گواستنەوەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ڕێکیانخستبوو.

پالامار وتی هیوادارە وڵاتانی دیکەش بگەنە ڕێکەوتنێک تاوەکو ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ ئەو هێزانە بکەنەوە کە لە وێستگەکەدا ماونەتەوە.

پالامار وتی " بارودۆخەکەی ئێستای وێستگەی ئازۆڤستاڵ لە ماریوپۆڵ بووەتە بارێکی قورس بەسەر شانی سەرۆکەوە و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لەسەر شانی." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی.

وتیشی " وەکو سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، سەرۆک ( زێلێنسکی ) نەک تەنها بەرپرسە لەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە لەوێ جێهێڵدراون، بەڵکو بەرپرسە لە هێزەکانیش، بەرپرسە لە سەربازە بریندارەکان کە لەوێ لە مردندان و پێویستییان بە یارمەتی تەندروستی هەیە، پێویستیان بە دەرمانە، پێویستیان بە نەشتەرگەرییە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG