Accessibility links

گەورەترین هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا؛ زیاتر لە 74 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئاسمانی کیێڤ خرانە خوارەوە


بەرپرسانی سەربازیی ئۆکرانیا دەڵێن بەیانی ڕۆژی شەممە ڕووسیا گەورەترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دژی وڵاتەکە ئەنجامداوە، بە جۆرێک بۆ ماوەی شەش کاتژمێر کیێڤی پایتەختی کردووەتە ئامانج.

فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا میکۆلا ئۆلیشچوک وتی " کیێڤ ئامانجی سەرەکی بووە."

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیاش ڕایگەیاند ڕووسیا 75 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی ئێرانی دژی ئۆکرانیا هەڵداوە، 74 فڕۆکەیان لەلایەن سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە تێکشکێندراون.

بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی شاری کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی " هێرشەکە گەورەترین هێرشی ئاسمانی بووە لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر کیێڤ." وتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا یوری ئینهات دواتر ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا 66 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان بەسەر کیێڤ و ناوچەکانی دەوروبەریدا خستووەتە خوارەوە.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتالی کلیچسکۆ وتی لانیکەم پێنج هاووڵاتی سڤیل لەو هێرشانەدا بریندار بوون، ژمارەیەک لە بیناکانیش بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە زیانییان پێگەیشتووە، بە دایەنگەیەکیشەوە. منداڵێکی تەمەن 11 ساڵیش بریندار بووە.

لە ناوچەی سۆلۆمیانسکی کیێڤ، پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان چاڵێکی گەورەی لە حەوشەی بینایەکی نیشتەجێبووندا دروست کردووە، پەنجەرەی بیناکانی ئەو نزیکانەش سەرجەمییان شکاون. دانیشتوانی بیناکان کە زۆربەیان بەساڵاچوو بوون، هەر لەوێ چارەسەری تەندروستییان وەرگرتووە. ئەوانی دیکەش چوونەتە پەناگەکانەوە.

پۆپکۆ دەڵێت هێرشەکەی سەر کیێڤ کاتژمێر 4 ی بەیانی دەستی پێکردووە، هێرشەکان بوونە هۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا لە 77 بینای نیشتەجێبوون و 120 دامەزراوەدا. وەزارەتی وزەی ئۆکرانیا وتی بەهۆی هێرشەکانەوە 17,000 کەس لە هەرێمی کیێڤ بەبێ کارەبا ماونەتەوە، چوار هێڵی کارەباش زیانییان پێگەیشتووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " سەربازەکانمان زۆربەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانییان خستە خوارەوە، بەداخەوە هەموویان نەخستە خوارەوە. بەڵام بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ پتەوکردنی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیمان و خستنەخوارەوەی فڕۆکەی زیاتر."

جگە لە کیێڤ، هەریەک لە هەرێمەکانی سومی و دنیپرۆپیترۆڤسک و زاپۆریژا و میکۆلایڤ و کیرۆڤۆهرادیش کراونەتە ئامانج.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG