Accessibility links

ئۆکرانیا ئامانجی ئاگربەستە لە گفتوگۆکاندا و بەرپرسێکی ئەمەریکاش دەڵێت پوتن ئامادە نیە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت


ئۆکرانیا دەڵێت هیوادارە گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا کە وابڕیارە ڕۆژی سێشەممە ئەنجام بدرێت ببێتە هۆی ڕێکەوتنێکی ئاگربەست، بەڵام بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وادیار نیە ئامادە بێت سازدان بکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ.

مانگێک زیاترە ڕووسیا بەردەوامە لە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا، بەهۆی جەنگەکەوە زیاتر لە 3.8 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی وڵاتەکەیان جێهێشتووە و هەزاران کەس کوژراون یاخود برینداربوون، هەروەها بووەتە هۆی گۆشەگیرکردنی ئابووری ڕووسیاش.

سەرۆکی شارەوانی شاری ماریوپۆڵ دەڵێت نزیکەی 5000 هاوڵاتی شارەکە کوژراون و 120 منداڵییان تێدا بووە، لە سەرەتای ڕۆژەکانی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە شاری ماریوپۆڵ گەمارۆدراوە و بۆردومان دەکرێت. بەڵام ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ژمارەی قوربانییان لە شارەکەدا پشتڕاست بکاتەوە.

ئەو هاوڵاتیانەی ڕزگارییان بووە چیرۆکی ترسناک دەگێڕنەوە و دەڵێن خەڵکانێک بەهۆی نەبوونی چارەسەری تەندروستییەوە گیانیان لەدەستداوە، تەرمەکان لە هەر شوێنێکدا بووایە نێژراون، ئافرەتیش هەبووە لە ژێرزەمینەکاندا منداڵی بووە.

شاندێکی ئۆکرانیا گەیشتۆتە ئیستانبوڵی تورکیا بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی ڕووسیادا. وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی " پرسە مرۆییەکان باسیان لێودەکرێت بەڵام بابەتی سەرەکی لە گفتوگۆکاندا گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاگربەست دەبێت."

وتی " خەڵک و خاک و سەروەرییمان ناگۆڕینەوە."

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆیتەرزی وت پوتن وادیار نیە ئامادە بێت بۆ سازدان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

هەروەها ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ڤادیم دێنسێنکۆ لە ماوەی ڕابردوودا وتی " گومانم هەیە لەوەی گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەیان لێبکەوێتەوە سەبارەت بە بابەتە سەرەکییەکان."

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی تاوەکو ئێستا هیچ بەرەو پێشچوونێکی گەورە لە گفتوگۆکاندا ڕووینەداوە، یاخود هیچ بەرەو پێشچوونێک ڕووینەداوە لەسەر ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی. هەروەها ڕەتی کردەوە زانیاری زیاتر بدات و وتی هیچ زانیارییەک بڵاوناکەینەوە لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو کارە بکەین لەوانەیە زیان بە پڕۆسەکە بگەیەنێت.

لەلایەکی دیکەوە دوو بەرپرسی ئۆکرانیا وتیان لە شارە گەمارۆدراوەکانی ئۆکرانیادا بارودۆخەکان سەختن، هەڕەشەی هێرشەکانی ڕووسیا ڕێگەی نەدا ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی بکرێنەوە.

لە شاری ماریوپۆڵ سەرۆکی شارەوانی شارەکە دەڵێت نزیکەی 160,000 کەس هێشتا گیرییان خواردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت نەیتوانیوە خۆراک و پێداویستی تەندروستی بگەیەنێتە شاری خارکیڤ کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە و یەکێکە لەو شارانەی زیانێکی گەورەی بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە پێگەیشتووە.

لە شاری ئیرپینیش کە دەکەوێتە نزیک کیێڤی پایتەختەوە، سەرۆکی شارەوانی شارەکە وتی هێزەکانی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵی شارەکەیان کردۆتەوە، بەرپرسێکی ئەمەریکاش وتی ئۆکرانییەکان شارۆچکەی ترۆستیانێتسی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵکردۆتەوە کە دەکەوێتە باشووری شاری سومییەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێزەکانیان کۆگاکانی تەقەمەنی هێزەکانی ئۆکرانیایان لە هەرێمی ژیتۆمیر لەناوبردووە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کیێڤەوە، هەروەها وتیشی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 41 شوێنی سەربازیی ئۆکرانیایان کردۆتە ئامانج. ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ڕاستەوخۆ هیچ کام لەو هەواڵانە پشتڕاست بکاتەوە.

دوای زیاتر لە مانگێک لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ڕووسیا نەیتوانیوە هیچ کام لە شارە گەورەکانی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ بکات. سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتاڵی کلیتسچکۆ وتی " ئەفسانەی سوپای نەبەزێندراوی ڕووسیامان لەناوبرد. ئێمە بەرهەڵستی دوژمنکارییەکانی یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی جیهان دەکەین و سەرکەوتوو بووین لەوەی ناچارییان بکەین ئامانجەکانیان بگۆڕن."

وتیشی 100 کەس لە کیێڤ کوژراون و چوار منداڵیشیان تێدا بووە، هەروەها 82 بیناش وێرانبوون.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز





XS
SM
MD
LG