Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دەڵێت " بەدڵنیاییەوە " ڕوسیا لەپشت هەوڵی کودەتاکەوە بووە


سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیگاڵ
سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیگاڵ

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیگاڵ لەزاری بەرپرسانی هەواڵگری وڵاتەکەوە وتی ڕوسیا " بەدڵنیاییەوە " لەپشت هەوڵی کودەتایەکەوە بووە بۆ لەکارلابردنی حکومەتی ئۆکرانیا.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی ئۆکرانیا پلانگێڕییەکی پوچەڵکردۆتەوە بۆ لەکارلابردنی حکومەتەکەی و چەند کەسێکی ڕوسی بەشدار بوون لەو هەوڵەدا، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا باوەڕی وایە ڕوسیا لە پشت ئەو پلانگێڕییەوە بووبێت یاخود نا.

لەلای خۆیەوە ڕوسیا ڕەتی کردۆتەوە دەستی هەبووبێت لە هیچ پلانگێڕییەک بۆ کودەتا و وەکو تۆمەتێکی بێ بنەما ڕەتی کردەوە.

شمیگاڵ وتی " زانیاری نهێنیمان هەیە کە نیازێکی تایبەت هەبووە بۆ ئەنجامدانی کودەتایەک." کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا ڕوسیا لەپشت ئەوەوە بووە، وتی " بەدڵنیاییەوە."

وتیشی زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ڕوسیا بۆ ڕاگرتنی تەوژمی ئۆکرانیا بەرەو بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا.

شمیگاڵ سەبارەت بە ڕوسیا وتی " ئەوان خەریکی ئامادەکردنی شتێکن." بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەوە نەدا.

شمیگاڵ کە لە بڕۆکسلە بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپادا، وتی هەواڵگری ئۆکرانیا کۆمەڵێک چالاکی ئەو " هێزە دەرەکیانەی " ئاشکرا کردووە کە هەوڵ دەدەن کاربکەنە سەر ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لەناوخۆی وڵاتەکەدا، ئەوەش بەمەبەستی خستنەوەی ڕاپەڕین و کودەتا لە وڵاتەکەدا.

شمیگاڵ وتی " لە کۆمەڵگەی ئۆکرانیادا ئارەزووی شۆڕشگێڕی بوونی نیە. تێدەگەین لەوەی کاریگەرییەک لە دەرەوە هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندان لە کیێڤ، تاوەکو بەهێزترییان بکات. دەزگای هەواڵگریمان لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت ئەنجام دەدات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG