Accessibility links

شەڕ و پێکدادانەکان لە هەرێمی خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا و ڕاگرتنی هەناردەکردنی گاز بۆ ئەڵمانیا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا بەدرێژایی سەرانسەری بەرەکانی پێشەوە هێرشییان کردۆتە سەر پێگەکانی ڕووسیا، هاوکات ڕووسیا هەناردەکردنی گازی لەڕێی هێڵی نۆرد ستریم 1 ەوە بۆ ئەڵمانیا ڕاگرت.

زێلێنسکی گوتی هێزەکانی ئۆکرانیا بە چەکە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاواوە هێرشێکی نوێیان بۆ دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی باشووری ئۆکرانیا دەستپێکردووە، زێلێنسکی داوای لە سەربازانی ڕووسیا کرد هەڵبێن، وتیشی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەشەوە هێرش دەکەن.

لە سەرەتای قۆناغەکانی داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا، ڕووسیا خاکێکی بەرفراوانی لە باشووری ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ کرد، لەوانەش هەرێمی خێرسۆن کە دەکەوێتە باکووری نیمچە دوورگەی کرایمییەوە کە بە هەمان شێوە لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا گرتییە خۆی.

ئۆکرانیا پێی وایە گرتنەوەی هەرێمەکە گرنگە بۆ ڕێگەگرتن لە هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کە ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا ڕەنگە ئۆکرانیا چیتر نەتوانێت دەستی بگات بە دەریای ڕەش.

کیێڤ وردەکارییەکی کەمی سەبارەت بە هێرشەکانی بڵاوکردۆتەوە. بەڕیتانیای هاوپەیمانی ئۆکرانیا دەڵێت هێرشەکانی ئۆکرانییەکان لە باشوور هێزەکانی ڕووسیایان ناچار کردووە مەودایەک بۆ دواوە بکشێنەوە.

لەکاتێکدا کە نەتوانراوە فراوانی پێشڕەوییەکانی ئۆکرانیا پشتڕاست بکرێتەوە، ڕاپۆرتە پشتڕاست نەکراوەکان و وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە هێزەکانی ئۆکرانیا ڕەنگە هەندێک لە گوندەکانیان کۆنتڕۆڵ کردبێتەوە و هەندێک لە ئامانجە ڕووسییەکانیان لە باشووری وڵاتەکە لەناوبردبێت.

بەڵام وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی هێزەکانی وڵاتەکە شکستیان بە هێزەکانی ئۆکرانیا هێناوە، وتیشی یەکەکانی هێزی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا دەیان موشەکییان لە نزیک خێرسۆن خستۆتە خوارەوە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ گوتی " بە سەرجەم ئامانجەکانمان دەگەین."

ڕۆیتەرزیش دەڵێت نەیتوانیوە ئەو هەواڵانە پشتڕاست بکاتەوە.

ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیایە. ئۆکرانیا و ڕۆژئاواش دەڵێن ئەم جەنگە هیچ پاساوێکی نیە و تەنها بۆ داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیایە. جەنگەکە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە، هەروەها بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە. ڕۆژئاواش سزای بێپێشینەی بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.

بەهۆی ئەوەی ڕووسیا تەنها بە لە سەدا 20 ی تواناکانی هێڵی نۆرد ستریم 1 گاز بۆ ئەوروپا ڕەوانە دەکات، نرخی گازی سروشتی لە ئەوروپا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبۆتەوە، ڕووسیا دەڵێت کێشەی تەکنیکی هەیە لە گواستنەوەی گاز بەو هێڵەدا.

ڕۆژی چوارشەممە ئاستی هەناردەکردنی گاز لەڕێی نۆرد ستریم 1 ەوە بۆ ئەڵمانیا گەیشتە سفر، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا هێڵەکەی بەمەبەستی چاککردنەوە داخست.

گازپڕۆم دەڵێت بە لایەنی کەمەوە 72 کاتژمێرییان پێویستە بۆ ئەو کارانەی کە لە هێڵەکەدا ئەنجامی دەدەن. ئەڵمانیاش دەڵێت هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لە ئارادا نیە.

ڕووسیا دەڵێت ئەو کێشە تەکنیکییانەی کە هەیەتی لە گواستنەوەی گازەکەدا بۆ ئەوروپا بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە بۆ سەر ڕووسیا دروست بوون. وڵاتانی ئەوروپاش لەوە دەترسن ڕووسیا وەستاندنی هەناردەکردنی گاز درێژبکاتەوە وەکو تۆڵەیەک لەو سزایانەی کە بەسەریدا سەپێندراوە، هەروەها پوتنیشیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بەکارهێنانی وزە وەکو چەکێک دژی ئەوروپا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG