Accessibility links

کوڵێبا: ئۆکرانیا چەکی تەواویی هەیە بۆ دەستکردن بە هێرشە پێچەوانەکە


وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا دەڵێت وڵاتەکەی چەکی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی دەستبکات بە هێرشە پێچەوانەکەی دژی ڕووسیا، وە ئۆپەراسیۆنەکە ئەو سەرکەوتنە دەدات بە ئۆکرانیا کە پێویستییەتی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆوە.

کوڵێبا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز لە کیێڤ وتی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەنگە بێتە دی تەنها لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە.

ئۆکرانیا چەند مانگێکە باس لە هێرشێکی بەرفراوان دەکات بۆ گرتنەوەی 18% ی خاکەکەی کە هێشتا لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە، ئەوەش بە بەکارهێنانی تانک و ئۆتۆمبێلی زریپۆش و ئەو تۆپهاوێژانەی کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەخشراوە بە ئۆکرانیا.

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا وتی کیێڤ لە هەندێک لە بەرەکانەوە ئۆپەراسیۆنەکانی گۆڕیوە بۆ " ئۆپەراسیۆنی هێرشکردن ". بەڵام ئەو هەواڵانەی پێشتری ڕووسیای ڕەتکردەوە کە گوایە ئۆکرانیا هێرشێکی گەورەی ئەنجام داوە.

کوڵێبا باسی لەوە نەکرد ئایا هێرشە پێچەوانەکە دەستیپێکردووە یاخود نا. وتی گرنگترین شت ئەوە نییە کەی دەستیپێکردووە، گرنگترین شت ئەوەیە کە بە سەرکەوتنی ئۆکرانیا تەواو ببێت.

کوڵێبا وتی ئامانجی ئۆکرانیا هەوڵدان دەبێت بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەوەش دوای ئەوەی چەند هاوپەیمانێکی ڕازیبوون مەشق بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان بکەن لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی فڕۆکەی ئێف – 16.

وتیشی " ئەندامێتی لە ناتۆدا ناتوانێت ئەم جەنگە ڕابگرێت، بەڵام ئەندامێتی لە ناتۆدا دەتوانێت جەنگی دیکە ڕابگرێت. لەبەر ئەوەیە باشترین ڕێگە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی ناوچەکە ئەوەیە کە بگەینە ئەو ساتەی کە ئۆکرانیا دەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا."

باسی لەوەش کرد کە ئۆکرانیا ئێستا چەکی هەیە بۆ دەستپێکردن بە هێرشە پێچەوانەکەی، بەڵام هێشتا پێویستی بەوەیە وڵاتانی هاوپەیمانان بەردەوام چەک بنێرن بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بتوانێت بەردەوام بێت.

وتی " کاتێک دەست دەکەیت بە هێرشێکی پێچەوانە، ئەوە شتێکە کە چەکی تەواوت هەبێت بۆ دەستکردن بە هێرشەکە، بەڵام شتەکەی دیکە ئەوەیە دڵنیاببیتەوە لەوەی پێویستییەکان بەردەوام دەگەنە دەستت تاوەکو بتوانیت بەردەوام بیت تا ئەو کاتەی پێویست بێت."

وتیشی دڵنیایە لەوەی هاوبەشەکانی کیێڤ بەردەوام دەبن لە پێدانی چەک بە ئۆکرانیا تاوەکو ئەو کاتەی کیێڤ دەگات بە ئامانجەکانی، بەڵام دانی بەوەدانا کە هاوپەیمانان ڕووبەڕووی کێشەی توانای بەرهەمهێنانی چەک دەبنەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا ناتۆ بڕیاری دا تەقەمەنییەکانی زیاتر بکات، وتی کیێڤ زۆر بە خێرایی تەقەمەنییەکان بەکاردەهێنێت بە جۆرێک کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن لەو ماوەیەدا بەرهەمییان بهێنن و کۆگاکانی تەقەمەنی هاوپەیمانان کەمیکردووە.

کوڵێبا وتی " ئەوە زۆر گرنگە هاوبەشەکان بەرهەمهێنانی چەک زیاتر بکەن، نەک تەنها بۆ ئۆکرانیا بەڵکو بۆ خۆشییان. ئەمە دەکرێت ئەنجام بدرێت. پێشتر کراوە، بەڵام پێم وایە دەبێت هەوڵەکان زیاتر بکرێن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG