Accessibility links

ئۆکرانیا: ئەڵمانیا لەڕێی پێنەدانی چەک بە وڵاتەکە" هانی پوتن " دەدات


وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا سەرکۆنەی سیاسەتەکەی ئەڵمانیای کرد بۆ ڕەتکردنەوەی پێدانی چەک بە ئۆکرانیا، داوای لە بەرلین کرد چیتر " یەکگرتوویی نەخاتە مەترسییەوە و هانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن نەدا." ئەمەش لەنێوەندی ترس و نیگەرانیەکاندا سەبارەت بە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە.

لەکاتێکدا ڕووسیا دەیان هەزاران سەربازیی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، ترس و نیگەرانیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە ئەوروپا زیادیکردووە.

هەریەک لە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و وڵاتانی بەڵتیک لەڕێی ڕەوانەکردنی چەکەوە بۆ کیێڤ وەڵامی داواکانی ئۆکرانیایان داوەتەوە بۆ پتەوکردنی تواناکانی بەرگریی وڵاتەکە، لەو چەکانەش کە ڕەوانەی ئۆکرانیا کراون موشەکی دژە تانک و موشەکی دژە فڕۆکەیان تێدایە.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا وتی لێدوانەکانی ئەڵمانیا لەسەر " مەحاڵی پێدانی چەک بە ئۆکرانیا " لەگەڵ " ڕەوشی ئێستادا ناگونجێت."
کولیبا جەختی لەوە کردەوە " یەکگرتوویی ئێستای ڕۆژئاوا بەڕووی ڕووسیادا لەهەموو کات گرنگترە."

کولیبا وتی " هاوبەشە ئەڵمانیەکانمان دەبێت چیتر لەڕێی ئەو جۆرە لێدوان و کردارانەیانەوە یەکگرتوویی نەخەنە مەترسییەوە و هانی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن نەدەن هێرشێکی نوێ بکاتە سەر ئۆکرانیا."

وتیشی " ئۆکرانیا سوپاسگوزاری ئەڵمانیایە لەسەر ئەو پشتیوانیەی پێشکەشی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام لێدوانەکانی ئێستایان نائومێدکەرن."
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا دەیەوێت " نائومێدی " خۆی دەرببڕێت سەبارەت بە " شکستی حکومەتی ئەڵمانیا لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیادا."

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت وتی بەرلین ناوەندێکی تەندروستی کاتی لە ئۆکرانیا دەکاتەوە، هاوکات جارێکی دیکە داواکانی ئۆکرانیای بۆ چەک ڕەت کردەوە.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت بە ڕۆژنامەی وێڵت ئام سۆنتاگی وت بەرلین پێشتر ئامێری هەناسەدانی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە و سەربازە برینداربووەکانی ئۆکرانیا لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا چارەسەر وەردەرگرن.

وتیشی " ڕەوانەکردنی چەک لە ئێستادا سوودی نابێت. ئەوە بۆچوونێکی گشتیە لەناو حکومەتی ئەڵمانیادا."

لە ماوەی ڕابردوودا گرتە ڤیدیۆیەکی سەرکردەی هێزی دەریایی ئەڵمانیا کەی ئاچیم شۆینباخ بڵاوبۆوە و تیایدا دەڵێت دەبێت ڕێز لە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بگیردرێت و ئۆکرانیا هەرگیز ناتوانێت نیمچە دورگەی کرێمیا لە مۆسکۆ وەربگرێتەوە.

لەکاتێکدا سەبارەت بەو لێدوانە پرسیار لە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت کرا، لە وەڵامدا وتی داوای لێدەکرێت لەسەر ئەو لێدوانەی ڕوونکردنەوە بدات.

شۆینباخ دواتر داوای لێبووردنی کرد و وتی لێدوانەکەی " بەبێ بیرکردنەوە بووە." ئاماژەشی بەوەدا " هەڵەی کردووە."

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت لێدوانەکانی شۆینباخ بەهیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا نیە.

وتیشی ئەدمیڕاڵ شۆینباخ دەبێت لەبەردەم سەرۆک ئەرکانی سوپادا ڕوونکردنەوە بدات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG