Accessibility links

ڕووسیا دەستبەرداری شارۆچکە سەرەکییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەبێت و هێزەکانی ئۆکرانیاش پێشڕەوی دەکەن


ڕۆژی شەممە ڕووسیا دەستبەرداری شوێنە سەرەکییەکانی بوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا بە خێرایی پێشڕەوییان کرد و دزەیان کردە یەکێک لە هێڵەکانی بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەوە.

لە دوای ئەوەی لە مانگی سێدا هێزەکانی ڕووسیا ناچارکران لە دەوروبەری کیێڤی پایتەخت بکشێنەوە، کەوتنی شاری ئیزیۆمی هەرێمی خارکیڤ خراپترین شکستی هێزەکانی ڕووسیا بوو. ئۆکرانیا ستایشی گرتنەوەی ئیزیۆمی کرد، هاوکات هەزاران سەربازیی ڕووسی هەڵهاتن و تەقەمەنی و کەلوپەلەکانییان لە دوای خۆیان جێهێشت.

هێزەکانی ڕووسیا ئیزیۆمییان وەکو بنکەیەکی لۆجیستیکی بەکاردەهێنا بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵمەتە سەربازییە سەرەکییەکانیان، لەوانەش هێرشەکانیان لە باکوورەوە بۆ سەر هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە هەریەک لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لەخۆدەگرێت.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە فەرمانی بە هێزەکان کردووە ناوچەکە جێبهێڵن و پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنەکان بکەن لە شوێنەکانی دیکە لە دۆنێتسک.

تاس گوتی بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی ڕووسیا لە هەرێمی خارکیڤ بە دانیشتوانی وتووە هەرێمەکە چۆڵ بکەن و هەڵبێن بۆ ڕووسیا تاوەکو " ژیانی خۆیان ڕزگار بکەن."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا لە کیێڤ گوتی هێزەکانی ئۆکرانیا پیشانیاندا کە دەتوانن بەو چەکانەی پێیان دراوە شکست بە سوپای ڕووسیا بهێنن.

گوتی " جەخت لەوەش دەکەمەوە کە تاوەکو چەکی زیاترمان بەدەست بگات خێراتر سەردەکەوین، ئەم جەنگەش خێراتر تەواو دەبێت."

بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاندرێ یەرماک گوتی " سوپای ڕووسیا ناونیشانی خێراترین سوپا وەردەگرن لە جیهاندا.... بەردەوام بن لە هەڵهاتن!"

ڕاگەیاندنی کشانەوەی ڕووسیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی هات هێزەکانی ئۆکرانیا شاری کوپیانسکی باکووری وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە، کە هێڵێکی شەمەندەفەری تێدایە و لەو ڕێیەوە ڕووسیا پێویستییەکانی بۆ سەرانسەری بەرەکانی پێشەوەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دابین دەکرد. بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە وێنەی هێزەکانی ئۆکرانیایان بڵاوکردەوە لە کاتێکدا کە ئاڵای وڵاتەکەیان لە بەردەم بینای شاری کوپیانسک بەرز دەکردەوە.

ئەوەش بووە هۆی بڕینی گەیشتنی پێویستییەکان بۆ هێزەکانی ڕووسیا لە سەرانسەری بەرەکەدا.

ئیگۆر گیرکینی فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سەر بە ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وتی کشانەوەی ڕووسیا " شکستێکی گەورە بوو."

ماوەی چوار هەفتەیە ئۆکرانیا بەردەوامە لە هێرشە گەورە پێچەوانەکانی لە باشووری وڵاتەکە. ڕووسیا هێشتا خاکێکی بەرفراوانی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵات و باشوور لە ژێر دەستدایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG