جەنەڕاڵێکی باڵای ئۆکرانیا دەڵێت هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکرانیا بوونەتە هۆی دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە چەند شوێنێکی شاری باخموتی گەمارۆدراو، بەڵام دۆخەکە هێشتا " سەختە."
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا شەڕی باخموت بووەتە چەقی ململانێیەک کە لە ساڵی ڕابردووەوە گۆڕانکارییەکی کەمی لە هێڵەکانی پێشەوەدا دروست کردووە، هەردوولا هەوڵی دەستکەوتێک دەدەن.
جەنەڕاڵ ئۆلیکساندەر سیرسکی فەرماندەی هێزە پیادەکانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دۆخەکە زۆر سەختە. لە هەمان کاتیشدا لە هەندێک لە بەشەکانی شارەکەدا یەکەکانمان هێرشی پێچەوانەیان کردۆتە سەر دوژمن و هەندێک لە شوێنەکانییان جێهێشتووە."
وتیشی ڕووسیا بەردەوام هێز ڕەوانەی ناو باخموت دەکات، بەڵام " لەگەڵ ئەوەشدا دوژمن نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی شارەکە بکات."
ڕۆژی دووشەممە ئۆکرانیا وتی هێزەکانی بەرپەرچی زیاتر لە 36 هێرشی دوژمنییان لە بەشی هێڵی پێشەوەی ڕۆژهەڵات داوەتەوە کە لە باخموتەوە درێژدەبێتەوە بۆ مارینکا کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای دۆنێتسکەوە.
کیێڤ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی پێچەوانەی بەرفراوان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکێکی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکە کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە داگیرکراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
جەنەڕاڵێکی ئۆکرانیا: بەرگریکارانی ئۆکرانیا هێزەکانی ڕووسیا لە هەندێک لە شوێنەکانی باخموت دووردەخەنەوە
