Accessibility links

ئۆکرانیا داوای ئەندامێتی دەکات لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ناکاو داوای ئەندامێتییەکی خێرای لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا کرد، هەروەها گفتوگۆکردنیشی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا بەدوورزانی، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە لەلایەن مۆسکۆوە.

دوای ئەوەی پوتن لە مەراسیمێکدا لە مۆسکۆ لکاندنی چوار هەرێمەکەی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند، زێلێنسکی لە ڤیدیۆیەکی ئۆنلایندا پەڕەکانی داواکردن بۆ چوونە پاڵ ناتۆی واژۆ کرد.

زێلێنسکی لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت " هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دەنێین لەڕێی داواکردن بۆ ئەندامێتییەکی خێرا لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا."

ڕاگەیاندنەکەی زێلێنسکی پێدەچێت ببێتە هۆی توڕەبوونی ڕووسیا، لە کاتێکدا کە مۆسکۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ بە هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی دوژمنکار دەبینێت دژی دەسەڵاتەکانی ڕووسیا.

پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە مانگی دوودا، ڕووسیا داوای گرەنتییەکی یاسایی کرد کە ئۆکرانیا هەرگیز نەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

زێلێنسکی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دووبارە نووسینەوەی مێژوو و دووبارە کێشانەوەی سنوورەکان لەڕێی " بەکارهێنانی کوشتن و ڕەشبگیری و خراپ مامەڵە کردن و درۆکردنەوە."

بەڵام ئاماژەشی بەوەدا کیێڤ هێشتا پابەندە بە بیرۆکەی پێکەوە ژیانەوە لەگەڵ ڕووسیادا بەڵام " بە مەرجی یەکسانی و ڕاستگۆیی و دادپەروەری شکۆدارییەوە."

گوتیشی " ئاشکرایە کە ئەوە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیادا مەحاڵە. ئەو نازانێت شکۆ و ڕاستگۆیی چین. لەبەر ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا، بەڵام لەگەڵ سەرۆکێکی دیکەی ڕووسیادا."

زێلێنسکی گوتی لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا چاوەڕێی پەسەند کردنی داواکەی دەکات لە نێو وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، دەکرێت لە ڕێی ئەو گرەنتییە ئاسایشییانەوە بپارێزرێت کە کیێڤ پێشنیاری کردووە و لەلایەن مۆسکۆوە ڕەت کراونەتەوە.

گوتی " تێدەگەین لەوەی ئەمە پێویستی بە پەسەندکردن هەیە لەلایەن سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکەوە، لەبەر ئەوە لە کاتێکدا کە ئەمە هەیە، پێشنیار دەکەین دان بندرێت بە پێشنیارەکانماندا سەبارەت بە گرەنتییە ئاسایشیەکان بۆ ئۆکرانیا و هەموو ئەوروپاش."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG