Accessibility links

ئۆکرانیا چەکی لە ڕۆژئاوا دەستدەکەوێت و داوای زیاتر دەکات


لە نێوەندی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵەکانیان بۆ پێدانی چەکی بە ئۆکرانیا زیاتر کردووە، بەڵام ئۆکرانیا دەڵێت پێویستی بە چەکی زیاترە تاوەکو بتوانێت بەرگەی سوپای گەورەی ڕووسیا بگرێت.

ئەمانەی خوارەوە کورتەیەکن لەسەر ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی کە ئۆکرانیا کڕیونی یاخود پێیدراوە یاخود بەڵێنی پێدراوە پێی بدرێت.

لە ساڵی 2014 ەوە ئەمەریکا زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە، لەوانەش موشەکی جاڤیلینی دژە تانک، بەلەمی پاسەوانی کەناراوەکان، ئوتومبێلی سەربازیی زریپۆش، چەکی نیشانەشکێن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیدەوانی، سیستمی ڕادار. هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک لە سیناتۆرەکانی ئەمەریکا بەڵێنیاندا کەلوپەلی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن، لەوانەش موشەکی ستینگەری دژە فڕۆکە، چەک و بەلەمی بچووک.

هەفتەی ڕابردوو بەڕیتانیا ڕایگەیاند 2,000 موشەکی مەودا کورتی دژە تانکی بە ئۆکرانیا داوە و شارەزایانی سەربازیی وڵاتەکەی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە بەمەبەستی پێدانی مەشق. هەروەها ئوتومبێلی زریپۆشی ساکسۆنیشی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.

وڵاتانی بەڵتیک، ئیستۆنیا موشەکی دژە زریپۆشی جاڤیلینی داوە بە ئۆکرانیا و لیتوانیا و لاتیڤیاش موشەکی ستینگەرییان داوەتێ.

تورکیاش کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تی بی 2ی بە ئۆکرانیا فرۆشتووە و ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کراون کە لەوێ جیاخوازەکان کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت دژی هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا شەڕ دەکەن، ئەمەش ڕووسیای توڕە کردووە.

کۆماری چیک هەفتەی ڕابردوو وتی بەنیازە تەقەمەنی تۆپهاوێژی 152مم ببەخشێت بە ئۆکرانیا.

ئەڵمانیا چەک نادات بە ئۆکرانیا بەڵام لەڕووی داراییەوە پشتیوانی لە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی کاتی دەکات لە ئۆکرانیا و مەشقی پێویست دەدات بە سەربازەکانی.

ئەو شتانەشی ئۆکرانیا دەیەوێت وەریانبگرێت یاخود بیانکڕێت ئەمانەن:

هێلیکۆپتەر و سیستمی پەیوەندی و ئوتومبێلی زریپۆشی سوک لە ئەمەریکا.

سیستمی دژە موشەکی زەوی بۆ ئاسمانی NASAMS لە نەرویج.

سیستمی تۆپهاوێژی DANA لە کۆماری چیک، هەروەها گولەی تۆپهاوێژێکی دروستکراوی یەکێتی سۆڤیەت.

سیستمی دژە موشەکی مەودا کورت و ناوەند.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG