Accessibility links

بەریتانیا خۆی بۆ گەورەترین هەڵمەتی کوتان ئامادە دەکات کە لە سەرانسەری جیهانەوە چاودێری دەکرێت


ئەو ڤاکسینەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەلایەن کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەری ئەمەریکایی و بایۆنتێکی ئەڵمانییەوە دروست کراوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە ساردکەرەوەی تایبەتدا ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سەرانسەری بەریتانیا کرا، دوو ڕۆژ بەر لە دەستپێکردنی گەورەترین هەڵمەتی کوتان لەو وڵاتەدا کە زۆر بە وردی لە سەرانسەری جیهانەوە چاودێری دەکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 800 هەزار بەشی ڤاکسینەکە ئامادە بکرێت بۆ ڕۆژی سێشەممە کە هەڵمەتەکە دەستپێدەکات. وەزیری تەندروستی بەریتانیا مات هانکۆک ئەو ڕۆژەی هاوشێوەی ڕۆژی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دووهەم وەسف کردووە.

پرۆفیسۆر ستیڤن پۆویس بەڕێوەبەری تەندروستی نیشتمانی ئینگەلتەرا NHS ڕایگەیاند " سەرەڕای ئاڵۆزییە زۆرەکان، نەخۆشخانەکان لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستدەکەن بە قۆناغی یەکەمی گەورەترین هەڵمەتی کوتان لە مێژووی وڵاتەکەماندا ".

هەفتەی ڕابوردوو بەریتانیا بوو بە یەکەم وڵات کە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی فایزەر- بایۆنتێک پەسەند بکات. لە قۆناغی تاقیکردنەوەکاندا ئەو ڤاکسینە %95 کاریگەریی نیشان داوە.

کوتانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژی سێشەممە لە نزیکەی 50 بنکەی تەندروستی ئینگەلتەرا دەستپێدەکات. سکۆتلەندا، وێڵس و ئیرلەندای باکوریش هەمان ڕۆژ دەست بە هەڵمەتی کوتان دەکەن.

حکومەت و دەزگا تەندروستیەکانی جیهان چاودێری بەرنامەی کوتانی بەریتانیا دەکەن بۆ ئەوەی تێبینی سەرکەوتن و شکستەکانی بکەن و پلانی خۆیان لەسەر ئەوە دابنێن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش هیوادارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەست بە هەڵمەتی کوتان بکات. لە هەمان کاتیشدا دەسەڵاتدارانی بەریتانی تاوتوێی ئەو ڤاکسینانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی مۆدێرنا و زانکۆی ئەسترازێنێکا - ئۆکسفۆردەوە دروست کراون دەکات .

ڕوسیاش لە ڕۆژی شەممە دەستیکرد بە کوتانی هەزاران پزیشک، مامۆستا و کەسانی تر لە دەیان بنکەی تەندروستی مۆسکۆ بە ڤاکسینی Sputnik V ی دروستکراوی ڕوسیایی کە لەم هاوینەدا پاش تاقیکردنەوەکانی لەسەر دەیان کەس لەو وڵاتەدا پەسەند کرا.

XS
SM
MD
LG