Accessibility links

یاسادانەرانی بەریتانیا ناڕەزایی دەردەبڕن لە بەرامبەر دەست لەکارکێشانەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەیان لە ئەمەریکا


باڵیۆزی بەریتانیا بۆ ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری دا داوای دەست لەکارکێشانەوە بکات پاش ئەوەی کەوتە بەر ڕەخنەی توندی سەرۆک ترامپ کە بە "دەبەنگ" ناودێری کرد.

کیم داروک لە نامەی داوای دەست لەکارکێشانەوەکەی نووسیویەتی" سوپاسی هەمووان دەکەم لە بەریتانیا و ئەمەریکا، ئەوانەی پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیم لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی بە سەختی تێپەڕبوون. ئەمە ئاستی قوڵی دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتی بۆ دووپاتکردمەوە. زۆر کاری لێکردم."

ئەم بڕیارەی کیم داروک بووە جێی ناڕەزایی یاسادانەرانی بەریتانیا لە هەموو لایەنە سیاسیـیەکانەوە، وە زۆربەیان پـێـیانوایە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ وەهای لێکرد دەستبەرداری کارەکەی ببێت.

تۆم توگێندهات سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا گوتی" سەروەری واتای چیـیە ئەگەر نەتوانیت تەنانەت ئەو کەسەش دەستنیشانبکەیت کە نوێنەرایەتیت دەکات. ئەمە زۆر جێی مەخابنە."

پـێشتر تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی دەست لەکارکێشانەوەی داروک زۆر جێی داخە. گوتیشی باڵیۆز کیم داروک پشتیوانی تەواوی حکومەتی هەبووە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد حکومەتی باش ئەوەیە پشت بە توانای ئەو فەرمانبەرانەی دەبەستێت کە بە تەواوی و ڕاشکاوانە ئامۆژگاریـیەکانی خۆیان دەگەیەنن.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژنامەیەکی بەریتانی کۆمەڵێک دۆکۆمێنتی دیپلۆماسی ئاشکراکرد کە تیایدا داروک زۆر ڕەخنەی توندی لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ گرتبوو.

XS
SM
MD
LG