بەڕیتانیا فەرمانیکرد 1000 سەربازی وڵاتەکە بخرێنە ئامادەباشییەوە و پشتیوانی لە ئۆکرانیا بکەن ئەگەر هاتوو دوژمنکارییەکی دیکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا ببێتە هۆی کەوتنەوەی قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا.
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن سەردانی هەریەک لە بڕۆکسل و وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا دەکات، لەمیانەی سەردانەکەیدا هەوڵ دەدات جەخت لە بنچینە سەرەکییەکانی ناتۆ بکاتەوە و تاوتوێی کۆمەڵێک ڕێوشوێن بکات کە تیایدا بەڕیتانیا بتوانێت پشتیوانییەکی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا دابین بکات.
سەردانەکەی جۆنسن هەوڵێکی دیکەیە لە هەوڵە دیبلۆماتیە نێودەوڵەتیەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا. سەرۆکی فەڕەنسا لەم هەفتەیەدا سەردانی ڕووسیای کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلادیمێر پوتندا کۆبۆوە، هەروەها وابڕیارە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس هەفتەی داهاتوو ئامادەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ بێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکادا کۆببێتەوە.
وابڕیارە وەزیری دەرەوە و بەرگری بەڕیتانیاش بە هەمان شێوە لەم هەفتەیەدا سەردانی مۆسکۆ بکەن و لەگەڵ هاوتاکانیادا کۆببنەوە.
جۆنسن لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەڕیتانیا پابەندە بە ئاسایشی ئەوروپاوە، وەکو هاوپەیمانێتیەک، دەبێت هێڵەکان بکێشین و ڕوون و ئاشکرا بین لەسەر ئەو بنچینانەی کە سازدانیان لەسەر ناکەین."
ڕۆژی دووشەممە بەڕیتانیا وتی 350 سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا 100 سەربازی ڕەوانەی پۆڵەندا کرد بەمەبەستی یارمەتیدانی ئەو وڵاتە لە قەیرانی کۆچبەراندا لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا.
ئۆفیسەکەی جۆنسن ڕۆژی چوارشەممە دووبارە جەختی لەوە کردەوە هەر کردەوەیەکی سەربازیی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە ئاوارەی سنوورەکانی ئەوروپا ببن، لەو کاتەشدا کاریگەرییەکەی لەسەر وڵاتانی وەکو پۆڵەندا و لیتوانیا دەبێت.
ئۆفیسەکەی جۆنسن ئاماژەشی بەوەدا سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگدا تاوتوێی پێشنیارەکەی بەڕیتانیا دەکەن بۆ پتەوکردنی بەرگرییەکانی هاوپەیمانێتییەکە، لەوانەش دوو هێندەکردنی هێزەکان لە ئیستۆنیا، فڕۆکەی جەنگی ڕافی زیاتر بۆ باشووری ئەوروپا، هەروەها ڕەوانەکردنی کەشتیە جەنگییەکانی ترێنت و تایپ 45 بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا