Accessibility links

بەڕیتانیا دەڵێت ڕووسیا هەوڵدەدات پاساوێک بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بهێنێتەوە


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس ڕووسیای بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هێنانەوەی پاساوێک بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی مۆسکۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکان لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ڕۆژی پێنجشەممە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا یەکترییان تۆمەتبار کرد بەوەی هێڵی ئاگربەستیان پێشێلکردووە.

ڕووسیا چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیر کردووە، ئەمەریکا دەڵێت نزیکەی 150,000 سەربازی ڕووسی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیر کراون. لە هەمان کاتیشدا مۆسکۆ مەشقێکی سەربازیی گەورە لە بێلاڕووس ئەنجام دەدات کە وابڕیارە ڕۆژی یەکشەممە کۆتا ڕۆژی مەشقەکان بێت.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە دەترسن ڕووسیا هەوڵ بدات گرژییە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیاد بکات و دواتر وەکو پاساوێک بەکاریبهێنێت بۆ دەستوەردان لەو ململانێیەدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ.

تڕەس وتی " ئەو هەواڵانەی کە گوایە چالاییەکی سەربازیی نائاسایی هەبووە لەلایەن ئۆکرانیاوە لە هەرێمی دۆنباس، هەوڵێکی بێ بنەمای حکومەتی ڕووسیایە بۆ ساختەکردنی پاساوێک بۆ داگیرکردن. ئەمە ڕاستەوخۆ لە کرێملنەوە بووە." وتیشی بەڕیتانیا " بەردەوام داوا لە ڕووسیا دەکات هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە ڕابگرێت."

ڕۆژی پێنجشەممە تڕەس لە هەوڵێکی دیکەی ڕۆژئاوادا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگە نەدان بە داگیرکاری ڕووسیا سەردانی ئۆکرانیای کرد.

تڕەس وتی باوەڕی وایە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن وەکو هەوڵێک بۆ فشار خستنەسەر یەکگرتوویی ڕۆژئاوا، بۆ ماوەی چەند مانگێک قەیرانی ئۆکرانیا درێژبکاتەوە.

وتی " لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی ڕووسیا لە سنوورەکانی نزیک ئۆکرانیا کشابێتەوە، کۆبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا هیچ نیشانەیەکی کەمبوونەوەیان پێوە دیار نیە."

وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەڕیتانیا جەیمس هایپی بە هەمان شێوە هۆشداریدا لەسەر ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، بە ڕادیۆی بی بی سی وت کۆمەڵێک پرد لەسەر ڕووباری پریپات دروستکراون لە نزیک سنووری نێوان بێلاڕووس و ئۆکرانیادا.

هایپی ئەوەشی خستەڕوو دەبێت ڕۆژئاوا پلان بۆ سیناریۆیەک دابنێت کە تیایدا ڕووسیا هێرش ناکاتە سەر ئۆکرانیا بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر هێزەکانی لەسەر سنوورەکە دەهێڵێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG