Accessibility links

سوناک لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا هەوڵی پەیوەندییەکی ئابووری بەهێزتر دەدات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک بە نیازە ڕۆژی پێنجشەممە بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بڵێت وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا بخاتە هەمان ئاستی پەیوەندییەکانی نێوانییان لە ڕووی بەرگری و هاریکاری ئاسایشەوە، ئەمەش لە پێناو یارمەتیدانی دوو وڵاتەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیهانییەکاندا.

دوای ئەوەی لە یەکێتی ئەوروپا جیا بۆوە، بەڕیتانیا هەوڵ دەدات خۆی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا ڕێکبخات، ئەوەش بۆ یارمەتیدانی لە زاڵبوون بەسەر جیهانێکی ناجێگیردا کە بەهۆی سەرهەڵدانی چین و دوژمنکارییەکانی ڕووسیا و گەشەی زیرەکی دەستکردەوە دروستبووە.

سوناک لەماوەی دوو ڕۆژی سەردانەکەی بۆ واشنتن لەگەڵ بایدن و ڕابەرانی کارەکان و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکادا کۆدەبێتەوە، دەڵێت پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان دوو وڵاتەکە ئەوە دەگەیەنێت کە دەکرێت و باشترە پێکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگییە نوێییەکان ببنەوە.

سوناک دوای ئەوەی گەیشتە واشنتن، بە کەناڵی بی بی سی وت " ئەوان ' ئەمەریکا ' بەبێ هیچ گومانێک نزیکترین هاوبەشمانن لە ڕووی بازرگانی و بەرگری و هاریکاری ئاسایش و دیبلۆماسییەوە، سبەینێش باس لە پتەوکردنی هاریکارییە ئابوورییەکانی نێوانمان دەکەم."

توانای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانی تەواوی ئازاد لەگەڵ ئەمەریکادا ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن ئەو کەسانەوە کە پشتگیرییان لە هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیا دەکرد لە یەکێتی ئەوروپا گەورەترین خەڵاتی ئابووری بوو، بەڵام دوودڵیی ئەمەریکا بۆ بیرکردنەوە لەو جۆرە هەنگاوە وایکردووە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەڕیتانیا هەوڵ بدەن لە جیاتی ئەوە ڕێککەوتن لەسەر تاک بوارەکاندا بکەن.

سوناک وتی هاوپەیمانییە نوێیەکە یارمەتی لەندەن و واشنتن دەدات زنجیرەی دابینکردنی پێویستییەکان بپارێزن و ئابووری جیهان ئاڕاستە بکەن کە ئێستا زلهێزە نوێیەکان تیایدا " یاری بە بازاڕەکانی جیهان دەکەن و سەرچاوە هەستیارەکان قۆرخ دەکەن و هەوڵی خنکاندنی ئەو پیشەسازییانە دەدەن کە داهاتوومان پێناسە دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG