Accessibility links

جۆنسن: بەڕیتانیا بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی هاوڵاتیان سەرەڕای هێرشەکانی کابوڵ


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی حکومەتی وڵاتەکە بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان، سەرەڕای هێرشە خۆکوژییەکانی دەروازەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ.

دوای ئەوەی جۆنسن سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد لەسەر ڕەوشی ئەفغانستان، وتی " گواستنەوەی هاوڵاتیان لەلایەن بەڕیتانیاوە تاوەکو دواسات بەردەوام دەبێت."

وتی " دەتوانین بەو شێوەیەی هاوڵاتیانمان گواستۆتەوە بەردەوام بین لە پڕۆگرامەکەمان، بەپێی ئەو کاتەی لەبەردەستماندایە و ئەوەش دەکەین."

جۆنسن وتی سوپای وڵاتەکە چەند مانگێکە ئامادەکاری دەکات بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان و ئاگاداری هەڕەشە ئەمنیەکان بووە.

جۆنسن وتی " هەمیشە خاڵێکی لاواز دەبێت بۆ تیرۆر و هێرشە تیرۆریستیەکان. سەرکۆنەیان دەکەین، پێم وایە قێزەونن، بەڵام دەبێت بڵێم ئەوە شتێکە دەبێت خۆتی بۆ ئامادە بکەیت."

جۆنسن سەرەخۆشی خۆی لەو ئەفغانی و سەربازانەی ئەمەریکا کرد کە لە هێرشە خۆکوژییەکاندا کوژران.

وتی " پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ئەمەریکا و گەلی ئەفغانستانیش دەکەین."

سەبارەت بە گواستنەوەی هاوڵاتیانیش، وتی هەندێک لەو ئەفغانیانەی شایستەی ئەوەن بگەنە بەڕیتانیا ناتوانن بەر لە کۆتایی هاتنی وادەی گواستنەوەکان ئەفغانستان جێبهێڵن، ئاماژەی بەوەدا حکومەتی بەڕیتانیا بەردەوام دەبێت لە فشار خستنەسەر تاڵیبان تاوەکو ڕێگەیان بدات دواتر وڵاتەکە جێبهێڵن.

لە ماوەی ڕابردوودا وتەبێژێکی تاڵیبان وتی دەمانەوێت وڵاتانی بیانی چیتر شارەزایانی ئەفغانستان نەگوازنەوە بۆ دەرەوەی وڵات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG