Accessibility links

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە قسە لەسەر ئێران دەکات


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە دۆمێنیک ڕاب لە سعودیە چاوی بە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان کەوتووە و تاوتوێی نیگەرانیەکانیان کردووە سەبارەت بە ئێران و هەروەها باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان و گۆڕانی کەش و هەوا کردووە.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لەکاتێکدا دێت وڵاتە زلهێزەکانی جیهان کار لەسەر دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دەکەن کە لە ساڵی 2015 دا واژۆکرا، لەلای خۆیەوە سعودیە ڕەخنەی لە ڕێکەوتنەکە گرتووە و دەڵێت لە ڕێکەوتنەکەدا ئاماژە بە بەرنامە موشەکیەکەی ئێران و چالاکییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدا نەدراوە، بە یەمەنیشەوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا لە زاری ڕابەوە بڵاویکردەوە " بەڕیتانیا جەخت لە پابەندبوونی وڵاتەکە دەکاتەوە بە چارەسەرکردنی کێشە ئەمنیە هاوبەشەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، لەوانەش هەڕەشەکانی ئێران و بەردەوامبوونی ململانێکان لە یەمەن." وتیشی ڕیاز هاوڕێیەکی متمانەپێکرا و هاوبەشێکی درێژخایەنی بەڕیتانیایە.

سعودیە داوای لە زلهێزەکانی جیهان کردووە لەمیانەی گفتوگۆکانیاندا لە ڤییەنا ڕێکەوتنێکی ناوەکی بەهێزتر و درێژخایەنتر لەگەڵ ئێراندا واژۆ بکەن، ئامانجیش لە گفتوگۆکان گەڕاندنەوەی ئەمەریکا و ئێرانە بۆ دووبارە پابەندبوون بە بەرپرسیارێتیەکانیانەوە لە ڕێکەوتنەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە تویتەر نوسیویەتی شازادە محەمەد و وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا تاوتوێی ئەو هەوڵانەیان کردووە کە دەدرێن بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و هەروەها هاریکارییە هاوبەشەکانیان لەسەرجەم بوارە جیاوازەکاندا.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتیشی ڕاب لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی شازدە فەیسەڵ بن فەرحانیشدا کۆبۆتەوە و باسیان لە بابەتەکانی بازرگانی و گۆڕانی کەش و هەوا و نیگەرانییەکان لە مافەکانی مرۆڤ کردووە بەتایبەتی " لەڕووی چاکسازیکردن لە سیستمی داد و ئازادی ڕادەربڕینی ڕاگەیاندنەکانەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG