Accessibility links

بەڕیتانیا ڕوسیا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دانانی ڕابەرێکی سەر بە ڕوسیا لە ئۆکرانیا


بەڕیتانیا ڕووسیای تۆمەتبارکرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دانانی ڕابەرێکی سەر بە ڕووسیا لە ئۆکرانیا، وتیشی ئەفسەرانی هەواڵگری ڕووسیا وەکو بەشێک لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی سیاسیی پێشووی ئۆکرانیادا لە پەیوەندایدا بوون.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا ڕەتی کردەوە بەڵگەکانی سەبارەت بەم تۆمەتبارکردنە ئاشکرا بکات، کە لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا لەزیادبووندایە.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی حکومەتی ڕووسیا بیری لە یاسادانەری پێشووی ئۆکرانیا یەڤین مورایڤ کردۆتەوە وەکو کاندید بۆ ڕابەرایەتیکردنی سەرکردایەتیەکی سەر بە ڕوسیا لە ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی " پلانگێڕی کرێملن قبوڵ ناکەین بۆ دانانی سەرکردایەتیەکی سەر بە ڕووسیا لە ئۆکرانیا. کرێملن دەزانێت هەر جوڵەیەکی سەربازیی ڕووسیا بۆ ناو ئۆکرانیا هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی دەبێت و بەڕیتانیا و هاوبەشەکانمان سزایەکی توند دەسەپێنین بەسەر ڕووسیادا."

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لێدوانەکانی بەڕیتانیای ڕەت کردەوە و بە " زانیاری ناڕاست " ناودێریکردن. هەروەها بەڕیتانیا و ناتۆی بە تۆمەتی " زیادکردنی گرژییەکان لەسەر ئۆکرانیا " تۆمەتبارکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی " داوا لە وڵاتانی دەرەوە دەکەین ئەم جۆرە چالاکیە وروژێنەرانە ڕابگرن، بڵاوکردنەوەی قسەی بێمانا ڕابگرن و لەکۆتاییدا سەنگ بخەنە سەر هەوڵەکانیان بۆ توێژینەوە لە مێژووی مۆنگۆل- تەتەر یۆک."

لێدوانەکانی بەڕیتانیا ڕۆژێک دوای ئەوە دێت دیبلۆماتکارانی باڵای ڕووسیا و ئەمەریکا کۆبوونەوە و شکستیان هێنا لەوەی بگەنە چارەسەرێک بۆ کێشەکان، بەڵام ڕێکەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان.

ڕووسیا کۆمەڵێک داواکاری ئەمنی ئاڕاستەی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا کردووە، لەوانەش ڕاگرتنی فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات، هەروەها داوای لە ناتۆ کردووە ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئێمیلی هۆڕن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم جۆرە پلانگێڕییە زۆر جێی نیگەرانییە. گەلی ئۆکرانیا مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیاریبکەن، ئێمەش لەپاڵ سەرکردایەتی ئۆکرانیادا دەوەستین کە بەشێوەیەکی دیموکراتیانە هەڵبژێردراون."

جێی ئاماژەیە مورایڤی تەمەن 45 ساڵ پشتیوانی لە ڕووسیا دەکات و دژایەتی تێکەڵبوونی ئۆکرانیا دەکات لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا.

مورایڤ بە ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەری بەڕیتانی وت " وادیارە ئۆفیسی کاروباری دەرەوەی بەڕیتانیا سەری لێ تێکچووە، شتێک نیە ڕێی تێبچێت. ڕووسیا قەدەغەی کردووە لەسەرم بچمە ئەو وڵاتە. نەک تەنها ئەوە بەڵکو پارەی کۆمپانیاکەی باوکیشم لەوێ دەستی بەسەرداگیراوە."

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس پێدەچێت لە مانگی دوودا سەردانی مۆسکۆ بکات و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سێرگەی لاڤرۆڤدا کۆببێتەوە، هاوکات وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگەی شوەیگۆ و هاوتا بەڕیتانیایەکەی بێن واڵاس، ڕێکەوتوون لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوانیاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG