Accessibility links

بەڕیتانیا هۆشداری دەداتە ڕوسیا


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس

بەڕیتانیا هۆشداریدایە مۆسکۆ و وتی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا کاردەکات بۆ سەپاندنی کۆمەڵێک سزای کاریگەر بەسەر ڕوسیادا، ئەگەر هاتوو ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات.

جێی ئاماژەیە ڕوسیا نزیکەی 100,000 سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ دەڵێت پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای نیە، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن داوای گرەنتی یاسایی کردووە لەسەر ئەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پەرە نەسەنێت.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت " ئەو هەڵمەتەی ڕوسیا بۆ لادانی دراوسێکەی قبوڵ ناکەین، بە هەڵە ئۆکرانیایان وەکو هەڕەشە لە قەڵەمداوە تاوەکو بیانوو بۆ هەڵوێستە دوژمنکارییەکەیان بهێننەوە."

تڕەس وتی " لێرەدا ڕوسیا سەرکوتکارە، ناتۆ هەمیشە هاوپەیمانێتیەکی بەرگری بووە."

لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا بەشێوەیەکی نایاسایی نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای گرتەخۆی، وڵاتانی ڕۆژئاواش لە وەڵامدا سزایان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند و سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد. ئۆکرانیاش نیمچە دورگەکەی دەوێتەوە.

تڕەس وتی هەر دوژمنکارییەکی سەربازیی دیکەی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا " دەرەنجامی گەورەی " لێدەکەوێتەوە، لەوانەش " سەپاندنی کۆمەڵێک سزا بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕۆژئاوادا کە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی و ئابووری ڕوسیا دەبێت."

وتی " بەڕیتانیا لەگەڵ هاوبەشەکانماندا لەسەر ئەو سزایانە کاردەکات، سزاکانیش کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کەرتی دارایی و تاکەکانی ڕوسیا دەبێت."

پوتن دەڵێت پەرەسەندنی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ساڵی 1991 دا هەڕەشەیە بۆ سەر ڕوسیا، وتیشی ڕوسیا هیچ شوێنێکی نیە بۆی بکشێتەوە. هەروەها هۆشداریدایە ڕۆژئاوا لەسەر پشتگوێخستنی نیگەرانییەکانی.

تڕەس وتی دواتر لەم مانگەدا سەردانی ئۆکرانیا دەکات و بارودۆخەکە گەیشتۆتە ساتێکی هەستیار و تەنها ڕێگە بۆ بەرەوپێشچوون ئەوەیە پوتن لەسەر لێوارەکە بکشێتەوە.

وتی " زۆر گرنگە ناتۆ یەکگرتوو بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەفتارە بە هەڕەشەکانی ڕوسیادا."

تڕەس وتی بەڕیتانیا دژی پڕۆژەی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕوسی بووە کە بە ژێر دەریای باڵتیکدا دەڕوات و ئەڵمانیا و ڕوسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

وتی " ئەوروپا دەبێت پشتبەستنی بە گازی ڕوسیا کەم بکاتەوە، بەڕیتانیا هێشتا دژی نۆرد ستریم 2 ە و خۆم لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانماندا کاردەکەم بۆ تیشک خستنەسەر مەترسییە ستراتیژییەکانی ئەم پڕۆژەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG