Accessibility links

بەڕیتانیا بەنیازە داوای کۆبوونەوەی وەزیرانی تەندروستی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بکات


بەهۆی دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە ناوی ئۆمیکرۆن، بەڕیتانیا وتی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی تەندروستی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت دەکات تاوەکو تاوتوێی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە بکەن.

ڕۆژی شەممە حکومەتی بەڕیتانیا گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی خێرایی بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند، یاساکانی بۆ ئەو کەسانەی دەگەنە بەڕیتانیا توندتر کردەوە و هەروەها فەرمانیکرد هاوڵاتیان لە بازاڕەکان و هۆکارەکانی گواستنەوەدا دەمامک بەکاربهێنن.

ڕۆژی یەکشەممە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا " ئۆمیکرۆن " بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبۆوە، حاڵەتی نوێی توشبوون بەو جۆرە نوێیە لە هۆڵەندا و دانیمارک و ئوستڕاڵیادا تۆمارکران، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دیکە کۆتوبەندییان خستەسەر گەشتکردن بۆ وڵاتەکانیان تاوەکو جۆرە نوێیەکە لەخۆیان بەدووربگرن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی هێشتا ڕوون نیە کە ئایا ئۆمیکرۆن کە سەرەتا لە ئەفریقای باشوور سەریهەڵدا، لە جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بڵاودەبێتەوە و مەترسیدارترە یاخود نا.

وتیشی تێگەیشتن لە ئاستی مەترسیداری ئۆمیکرۆن " چەند ڕۆژێک یاخود چەند هەفتەیەکی دەوێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG