Accessibility links

بەڕیتانیا: هێزەکانی ڕووسیا باشووری ئیزیومی ئۆکرانیا دەکەنە ئامانج


سوپای بەڕیتانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا هەوڵەکانیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو باشووری شارۆچکەی ئیزیومی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیاتر کردووە، ڕەنگە بیانەوێت بژاردەکانی دیکە لە ناوچەکەدا لەدەست نەدەن.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی " پێشڕەوییەکانی ڕووسیا لە میحوەری ئیزیۆم لە مانگی چوارەوە بە چەق بەستوویی ماونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا سوودێکی باشییان لە خاکی ناوچەکە وەرگرت بۆ خاوکردنەوەی پێشڕەوییەکانی ڕووسیا."

وتیشی " ڕەنگە ڕووسیا هەوڵی ئەوە بدات دووبارە تەوژمی هێزەکەیان لەم ناوچەیەدا بگرنەوە تاوەکو بتوانن فشاری زیاتر بخەنە سەر شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک، هەروەها پێشڕەویکردنێکی قوڵتر بۆ ناو دۆنێتسک ئۆبلاست."

لەلایەکی دیکەوە فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای وتی ڕۆژی پێنجشەممە شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر شەقامەکانی شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک بەردەوام بوون و هێزەکانی ڕووسیا " هەرچییەکیان لەبەردەمدابووایە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەکارییان دەهێنا."

وتیشی ڕووسیا بۆردومانی ئەو ناوچانەی شارەکە دەکات کە هێشتا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئۆکرانیادان، بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا هەرکە تۆپهاوێژی مەودا درێژییان دەستکەوت دەتوانن " شارەکە پاک بکەنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG