Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بەدووری دەزانێت وڵاتەکەی بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە


ڕۆژنامەی سەنی بەڕیتانی بڵاویکردەوە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی بە فەڕمی ڕایدەگەیەنێت بەدووری دەزانێت وڵاتەکەی بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی جیابوونەوەکە ، مەی هەوڵدەدات گۆڕانکاریی کۆتایی بکات لە ڕێکەوتنی جیابوونەوەکەدا، بەڵام ئەندامانی پەرلەمانی بەڕیتانیا ڕۆژی چوارشەممە هەوڵدەدەن بەرپرسیارێتی پڕۆسەی جیابوونەوەکە بگرنە ئەستۆ لەڕێی زنجیرەیەک دەنگدانەوە لە ناو پەرلەماندا.

جێی ئاماژەیە لە مانگی یەکدا پەرلەمانی بەڕیتانیا بە کۆی دەنگ پلانەکەی تێریزا مەیان ڕەت کردەوە بۆ جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا کە لەگەڵ یەکێتیەکەدا ڕێکەوتبوون لەسەری، لەو کاتەوە تێریزا مەی هەوڵدەدات یەکێتی ئەوروپا ڕازی بکات تاوەکو هەندێک گۆڕانکاری لە ڕێکەوتنەکەدا بکرێت.

بەڵام ژمارەیەک لە نوێنەرانی پەرلەمانی بەڕیتانیا و هەندێک لە وەزیرەکانی حکومەت هۆشیاری ئەوەیاندا هەوڵدەدەن کۆنتڕۆڵی پڕۆسەی جیابوونەوەکە بکەن تاوەکو وڵاتەکە بەدووربگرن لە قەیرانی ئابووری.

ڕۆژنامەی سەن ئاماژەی بەوەدا تێریزا مەی بە وەزیرەکانی حکومەتەکەی ڕادەگەیەنێت کە بەدووری بزانن بەڕیتانیا بەبێ ڕێکەوتن جیاببێتەوە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش دەرگا لەبەردەم دواخستنی کاتی جیابوونەوەکە دەکاتەوە کە 29 ی مانگی سێیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG