Accessibility links

یاسادانەرێکی بەڕیتانیا: دەکرێت ڕووداوی ئەتۆمی هاوپەیمانانی ناتۆ ڕابکێشێتە جەنگەوە


ئەندام پەرلەمانی پارتی پارێزگارانی بەڕیتانیا تۆبیاس ئێڵوود کە سەرۆکایەتی لیژنەی بەرگری پەرلەمان دەکات هۆشداریدا لەسەر ئەوەی هەر ڕووداوێکی ئەتۆمی لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا دەکرێت هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕابکێشێتە جەنگەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاوە.

ئێڵوود وتی " گەیاندنی هەر زیانێکی بەمەبەست کە ببێتە هۆی دزەکردنی تیشکدانەوە لە وێستگەی ناوەکی ئۆکرانیا شکاندنی بەندی پێنجی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت."

بەپێی بەندی پێنجی هاوپەیمانێتی ناتۆ، هەر هێرشێکی چەکداری دژی وڵاتێک یاخود چەند وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، وەکو هێرشێک دژی سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە سەیر دەکرێت و سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە دەبێت هەرچی کارێک پێویست بێت ئەنجامی بدەن بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتەی ئەندام کە هێرشی کراوەتەسەر.

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا وتی ڕووسیا ڕێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان دەدات بچنە ناو وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای ئۆکرانیاوە کە ڕووسیا داگیریکردووە.

چەند کاتژمێرێک دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکە، لەمیانەی وتارێکدا بە بۆنەی ساڵیادی 78 ساڵەی هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر باشووری فەڕەنسا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی نازییەکاندا بوو، ماکرۆن پوتنی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " ئەنجامدانی هێرشێکی دڕندانە " بۆ سەر ئۆکرانیا و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

هەروەها هۆشداریشیدایە هاوڵاتیانی فەڕەنسا لەسەر ئەوەی دەرەنجامەکانی قەیرانی ئابووری و وزە کە ڕووبەڕووی ئەوروپا بووەتەوە هێشتا تەواو نەبووە، وتی " ئەمە باجی ئازادی و بەهاکانمانە."

ماکرۆن وتی " بەهۆی ئەوەی کە ڤلادیمیر پوتن جەنگە دڕندانەکەی دژی ئۆکرانیا هەڵگیرساند، جەنگ گەڕایەوە بۆ سەر خاکی ئەوروپا، جەنگەکە چەند کاتژمێرێکی کەم لێمانەوە دوورە." ئاماژەشی بەوەدا پوتن هەوڵ دەدات " ئیرادە ئیپڕیالیستەکەی " بەسەر ئەوروپادا بسەپێنێت.

نیگەرانییەکی زۆر هەیە لە ئەوروپا سەبارەت بەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نزیک وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا ڕەنگە ببنە هۆی کەوتنەوەی کارەساتێک کە زۆر خراپتر بێت لە کارەساتی ئەتۆمی چێرنۆبیڵ لە ساڵی 1986 دا.

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی " ستایشی بەیاننامەکانی ئەمدواییانەی کرد کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە ئۆکرانیا و ڕووسیا پشتیوانییان لە پلانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ڕەوانەکردنی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ وێستگەکە."
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " دیبلۆماتکارانی ئۆکرانیا و هاوبەشەکانمان و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کاردەکەن لەسەر وردەکارییەکانی کاری ئەو نێردەیەی کە ڕەوانەی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا دەکرێن. من سوپاسگوزاری هەموو ئەوانەم کە بەشدارییان لەم کار و دەستپێشخەرییەدا کردووە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG