سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی پێشبینی ئەوە ناکات هێزەکانی ڕووسیا چیتر لە ئۆکرانیا شکستێک بێنن کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ناچار بکات چەکی ناوەکی تاکتیکی لەو وڵاتە بەکاربهێنێت، وتیشی پوتن دەرفەتی هەیە بۆ کشانەوە و کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
کاتێک لەلایەن کەناڵی تەلەفیزیۆنی Talk ەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا پێشبینی ئەوە دەکات پوتن بیر لە بەکارهێنانی چەکی ناوەکی بکاتەوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر سوپاکەی شکستی زیاتر بهێنن لە ئۆکرانیا، جۆنسن لە وەڵامدا وتی " نەخێر پێم وانیە."
وتی " بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پشتیوانییە گەورەیەی ڕووسیا دەیکات لە کارەکانی، بە لەبەرچاوگرتنی چۆنێتی مامەڵەکردنی ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیا لەسەر ئەوەی لە ڕاستیدا چی لە ئۆکرانیا ڕوودەدات، بە پێچەوانەی ئەمەوە پوتن دەرفەتێکی زۆر زیاتری سیاسیی هەیە بۆ کشانەوە."
کاتێکیش سەبارەت بە هۆشدارییەکەی ڕووسیا بۆ بەڕیتانیا پرسیاری لێکرا، جۆنسن وتی پێم وایە ئۆکرانییەکان مافی خۆیانە خۆیان بپارێزن، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا بەڕیتانیا نایەوێت قەیرانەکان پەرە بسەنن بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئۆکرانیا.
لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاماژەی بە لێدوانەکانی وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەڕیتانیا جەیمس هیپیدا کە بە ڕادیۆی بی بی سی وت شتێکی زۆر ڕەوایە بۆ ئۆکرانیا ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی ناو قوڵایی ڕووسیا تاوەکو هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی و لۆجیستیکی ڕووسیا تێک بدات.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " دەمانەوێت تیشک بخەینە سەر ئەوە کە هاندانی ڕاستەوخۆی کیێڤ لەلایەن لەندەنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە، ئەگەر ئەو جۆرە کارانە ئەنجام بدرێن، ئەوا دەستبەجێ دەبنە هۆی وەڵامدانەوەیەکی گونجاو."
جۆنسن وتیشی حکومەتی بەڕیتانیا هەرچی لەتوانایدا بێت دەیکات بۆ ئازادکردنی ئەو شەڕکەرە بەڕیتانیایانەی کە لە ئۆکرانیا دەستگیرکراون، بەڵام ئاڵوگۆڕی دیلەکان بڕیاری کیێڤ دەبێت. وتیشی فەیسبووک ڕازی بووە ئەو گرتە ڤیدیۆییانە لاببات کە شەڕکەرەکانی تیادا دەرکەوتوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەڕیتانیا دەڵێت پوتن دەرفەتی هەیە بۆ کشانەوە لە ئۆکرانیا
