سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر ڕۆژی دووشەممە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنیدا کۆبووەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی کۆچی نایاسایی، ڕۆژێک دوای ئەوەی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزدا نقووم بوو و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانییان لە دەستدا.
ستارمەری پارتی کاری بەڕیتانیا کە مانگی حەوت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بە دەستهێنا و وەکو سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا هەڵبژێردرا، بەڵێنیداوە ڕووبەڕووی کۆچی نایاسایی ببێتەوە، کە ئەوەش ساڵانێکی زۆرە پرسێکی گەرم بووە لە سیاسەتی بەڕیتانیادا.
ستارمەر لە ڕۆما پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ میڵۆنیدا وتی " لێرە بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی گەیشتنی کۆچبەران کەمکراوەتەوە، لەبەرئەوە دەمەوێت تێبگەم ئەوە چۆن کراوە."
گەشتی کۆچبەران بە بەلەمە بچووکەکان بە کەناڵی ئینگلیزی مەترسیداردا لە فەڕەنساوە بۆ بەڕیتانیا بووەتە کێشەیەکی قورس بۆ سەرۆک وەزیرە یەک لە دوای یەکەکانی بەڕیتانیا.
ڕۆژی یەکشەممە بەلەمێکی کۆچبەران کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەری پێبوو لە کەناڵەکەدا نقووم بوو و لە ئەنجامدا هەشت کۆچبەر گیانییان لە دەستدا. تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا 46 کۆچبەر لە هەوڵییاندا بۆ پەڕینەوە بە کەناڵەکەدا بۆ بەڕیتانیا گیانییان لە دەستداوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەڕیتانیا ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە نزیکەی 800 کەس بە کەناڵەکەدا تێپەڕیون، ئەوەش دووەمین زۆرترین ژمارەیە لەم ساڵدا.
ستارمەر پلانەکەی حکومەتە پارێزگارەکەی پێشووی ڕەت کردەوە بۆ دەرکردنی سەرجەم کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ ڕواندا لە کاتێکدا کە داواکانییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی تاوتوێ دەکرێت.
لە جیاتی ئەو پلانە، میدیاکانی بەڕیتانیا دەڵێن ستارمەر گرنگی دەدات بە ستراتیژییەکەی میڵۆنی، میڵۆنی سەرکردەی پارتی برایانی ڕاستی ئیتاڵیایە، کە وڵاتەکەی لە هێڵی پێشەوەی کۆچی نایاساییدایە بۆ ناو یەکێتی ئەوروپا.
لە مانگی یانزەدا ئیتاڵیا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەلبانیادا واژۆ کرد بۆ کردنەوەی دوو ناوەند لە ئەلبانیادا بۆ میوانداریکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان لە کاتێکدا کە داواکانییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی تاوتوێ دەکرێت.
ئیتاڵیا پارەی ناوەندەکان دەدات و هەر خۆشی بەڕێوەیان دەبات، ناوەندەکان لە توانایاندا هەیە 3000 کۆچبەر وەربگرن، ئەوانەی کە لە ڕێی بەلەمەوە دەگەنە سەر کەناراوەکانی ئیتاڵیا.
ئەو کۆچبەرانەی کە داواکانییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی ڕەت دەکرێتەوە، ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان دەکرێنەوە، ئەوانەشی کە داواکانییان پەسەند دەکرێن مۆڵەتی هاتنە ناوەوەیان بۆ ئیتاڵیا پێدەدرێت.
ئەوەش جیاوازییە سەرەکییەکەیە لە نێوان ئەو پلانەی ئیتاڵیا و پلانەکەی حکومەتەکەی پێشووی بەڕیتانیادا، لە پلانەکەی حکومەتەکەی پێشووی بەڕیتانیادا کۆچبەران ڕەوانەی ڕواندای ڕۆژهەڵاتی ئەفریکا دەکران و سەرەڕای ئەنجامی داواکانییان هەرگیز نەیاندەتوانی لە بەڕیتانیا دابنیشن.
ستارمەر لە کاتێکدا کە ناوەندێکی هەماهەنگی کۆچی لە ئیتاڵیا بەسەر کردەوە، وتی وادیارە کە کەمبوونەوەی ژمارەی گەیشتنی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا بەهۆی " ئەو کارانەوە بێت کە لە هەندێک لەو وڵاتانەدا ئەنجام دراوە کە کۆچبەرانییان لێوە هاتووە."
وتی " هەمیشە باوەڕم بەوە بووە کە ڕێگریکردن لە گەشتکردنی خەڵکەکە لە سەرەتادا یەکێکە لە باشترین ڕێگەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشە تایبەتەدا."
جگە لە ئەلبانیا، حکومەتەکەی میڵۆنی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تونسیشدا واژۆ کردووە و یارمەتی دەدات بەو وڵاتە لە بەرامبەر هەوڵێکی زیاتردا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی ئەو کۆچبەرانەی کە بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆن و بە دەریای ناوەنددا تێدەپەڕن.
ئیتاڵیا لە هەمان کاتیشدا ڕێککەوتنێکی مشتومڕ لەسەری لەگەڵ حکومەتەکەی لیبیادا نوێ کردەوە، ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017 و تێیدا ڕۆما مەشق و پارە بۆ هێزی پاسەوانی کەناری لیبیا دابین دەکات بۆ ئەوەی ژمارەی گەشتکردنی کۆچبەران کەم بکاتەوە.
ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن سیاسەتەکە وادەکات هەزاران کۆچبەر بگەڕێنەوە بۆ لیبیا و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و سوکایەتی ببنەوە لە ژێر دەستبەسەرکردنی زۆرەملێدا.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ڕێی دەریاوە دەگەنە ئیتاڵیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە، ئەمەش بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە.
لە مانگی یەکی ئەم ساڵەوە تاوەکو 13 ی مانگی نۆ 44,675 کەس گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، لە ساڵی 2023 دا و لە هەمان ماوەدا 125,806 کەس گەیشتبوونە ئیتاڵیا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا