بەرپرسێکی حکومەتی بەڕیتانیا ڕایگەیاند بەڕیتانیا شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمانی بانگهێشت کردووە بۆ سەردانێکی فەڕمی بۆ وڵاتەکە لەم ساڵدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوو وڵاتەکە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانییان دەدەن.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک و شازادەی جێنشینی سعودیە لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەیان کردووە و باسیان لە هاریکارییەکانی نێوانییان کردووە لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و بەرگری و ئاسایشدا.
هەر سەردانێکی فەڕمی شازادەی جێنشینی سعودیە ڕەنگە جێی مشتومڕ بێت، لە کاتێکدا کە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا و گروپەکانی مافی مرۆڤ سەرکۆنەی بانگهێشتکردنی پیاوێک دەکەن کە ڕابەرانی ڕۆژئاوا پێیان وایە ئەو بووە لە ساڵی 2018 دا فەرمانیداوە بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودی جەمال خاشقچی.
ئۆفیسی سوناک بڵاویکردوەتەوە "سەرۆک وەزیر و شازادەی جێنشینی سعودیە ڕایانگەیاندوە بەردەوام دەبن لە کارکردن پێکەوە لە نزیکەوە بۆ بەرەوپێشبردنی هاریکارییەکانی نێوان بەڕیتانیا و سعودیە و بە پەرۆشەوەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نزیکترین دەرفەتدا."
دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بەڕیتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا هەوڵی ئەوە دەدەن سەرچاوەکانی دەستکەوتنی وزە هەمەچەشن بکەن، لەلایەکی دیکەشەوە سعودیە پلانی هەیە بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری وڵاتەکەی، بەشێوەیەک بتوانێت تەنها پشت بە نەوت نەبەستێت.
بەڕیتانیا یەکێکیشە لە دابینکاری سەرەکی چەک بۆ سعودیە، سعودیەش چەندین وەبەرهێنانی گەورەی لە بەڕیتانیادا کردووە، یەکێک لەوانەش کڕینی یانەی تۆپی پێی نیوکاسڵ یونایتدە.
کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووس لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە ساڵی 2018 دا توڕەییەکی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، هەواڵگری ئەمەریکا وتی شازادەی جێنشینی سعودیە ڕاستەوخۆ فەرمانی بە کوشتنی خاشقچی کردووە کە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکادا دەینووسی و ڕەخنەی لە محەمەد بن سەلمان دەگرت. بەڵام شازادەی جێنشینی سعودیە ڕەتی کردووەتەوە دەستی لە کوشتنی خاشقچیدا هەبووبێت.
وتەبێژی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا لەیلا موڕان وتی " سواڵکەرەکان باوەڕییان وایە سوناک فەڕشی سوور بۆ محەمەد بن سەلمان ڕادەخات."
ساڵی ڕابردوو سەرۆک وەزیری ئەو کاتەی بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لە ڕیاز لەگەڵ محەمەد بن سەلماندا کۆبووەوە. محەمەد بن سەلمان لە مانگی 3 ی ساڵی 2018 ەوە سەردانی بەڕیتانیای نەکردووەتەوە، پێش کوژرانی خاشقچی.
ڕۆژئاوا سوورە لەسەر زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیەدا، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدەن ڕووبەڕووی زیادبوونی دەسەڵات و کاریگەرییەکانی ئێران و ڕووسیا و چین ببنەوە لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە مانگی شەشدا لە پاریس میوانداری شازادە محەمەد بن سەلمانی کرد، لە دوای کوژرانی خاشقچییەوە ئەوە دووەمین جار بوو ماکرۆن لە پاریس میوانداری شازادەی جێنشینی سعودیە بکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز