ڕوسیا و چین بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بوون لە بەڕیتانیا، لە کۆبوونەوەکەدا داوای بەرەیەکی یەکگرتوو کرا دژی ڕژێمی زۆردارەکی.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا و ڕووبەڕووبوونەوەی چین و سنووردارکردنی چالاکیە ناوەکییەکانی ئێران و قەیرانەکانی میانمار کرا.
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وتی " دەبێت یەکگرتوو بین و بەهێز بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکاران و ئەوانەی هەوڵی سنووردارکردنی ئازادی و دیموکراسی دەدەن."
وتیشی " بۆ ئەوەی ئەمە بکەین، دەبێت یەک دەنگی تەواو یەکگرتوومان هەبێت. دەبێت پێگەی ئابووری و ئاسایشمان لە سەرانسەری جیهاندا فراوان بکەین."
ڕۆژی هەینی تڕەس بە جیا لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بێربۆکدا کۆبۆوە.
هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات و لە سەردانەکەدا بلینکن جەخت لە گرنگی ئەو ناوچەیە دەکاتەوە لە هەوڵەکانی ئەمەریکادا بۆ " ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی " لە ناوچەی دەریای هیند و هێمندا، دژی زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین لەو ناوچانەدا.
بۆ یەکەمین جار ڕۆژی یەکشەممە وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ( ئاسیان ) بەشداری لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا دەکەن.
هەریەک لە کۆریای باشوور و ئوستڕاڵیا و ئەفریقای باشوور و هیندستانیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن، ئەوەش وەکو " میوانی بەڕیتانیا بۆ کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت." زۆرێک لە بەشداربووان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەڕێی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەشداری دەکەن.
بەر لە کۆبوونەوەکە، تڕەس ئاماژەی بەوەدا پەیوەندییەکی قوڵتری دەوێت لەنێو وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا، لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و تەکنەلۆجیا و ئاسایشدا، ئەوەش بۆ ئەوەی " بتوانین بەرگری لە ئازادی و دیموکراسی لە سەرانسەری جیهاندا بکەین و پەرەیان پێبدەین."
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیاش، تڕەس هۆشداریدایە مۆسکۆ لەسەر ئەوەی ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا " هەڵەیەکی ستراتیژی دەکات."
سەرچاوە/ فرانس پرێس