Accessibility links

مەی وەزیری بەرگری بەڕیتانیا لە کارەکەی دووردەخاتەوە


گاڤین ویلیامسن

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی وەزیری بەرگری بەڕیتانیا گاڤین ویلیامسنی لەکارەکەی دوورخستەوە، مەی وتی لێکۆڵینەوەیەک ئاماژە بەوە دەدات ویلیامسن بەپرسیاربووە لە دزەکردنی هەندێک لە وتوێژەکانی ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیدا سەبارەت بە کۆمپانیای هواوی چینی.

مەی لە نامەیەکی نوسراودا بۆ ویلیامسن دەڵێت لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا سەبارەت بە دزەکردنی زانیاری " بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەیە کە تۆ بەرپرسیاریت لە ئاشکراکردنی کۆمەڵێک زانیاری کە ڕێگەپێدراو نەبوویت بۆ ئاشکراکردنی. هیچ شیکردنەوەیەکی دیکەی باوەڕپێکراو نیە بۆ ئەم دزەکردنە."

وتیشی " ئەمە شتێکی زۆر مەترسیدارە."

مەی وتی " زۆر پێویستە تەواو متمانەم بە هەموو ئەندامانی حکومەتەکەم و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بێت، مەترسی ئەم بابەتە بە تەنیا خۆی و دەرەنجامەکانی لەسەر کارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و بەرژەوەندی نیشتیمانی بەڕیتانیا هۆکارن بۆ ئەو هەنگاوە جدییانەی کە ناومانە، هەروەها هۆکارن بۆ ئەو وەڵامدانەوە جدییەی کە داومانەتەوە."

دواتر ویلیامسن ڕەتی کردەوە هیچ ڕۆڵێکی هەبووبێت لەدزەکردنی زانیارییەکاندا سەبارەت بە هواوی.

لە نامەکەیدا بۆ مەی ویلیامسن وتی " بە توندی ڕەتی دەکەمەوە دەستم هەبووبێت لە هیچ دزەکردنێکدا و دڵنیام لەوەی لێکۆڵینەوەیەکی فەڕمی، بێتاوان دەرمدەخات."

حکومەتی بەڕیتانیا ڕایگەیاند وەزیری پێشووی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بێنی مۆردۆنت جێگەی ویلیامسنی گرتۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG