Accessibility links

بەڕیتانیا 100 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێپەڕدەکات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

ڕۆژی سێشەممە بەڕیتانیا بووە یەکەمین وڵاتی ئەوروپا 100 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆماربکات، ئەمە لەکاتێکدا حکومەتی وڵاتەکە هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسەکەیان دەستپێکردووە، دوای ئەوەی ڕەوشی تەندروستی وڵاتەکە دوای سەرهەڵدانی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراپتر بوو.

بەڕیتانیا ڕێوشوێنەکانی داخستنی گشتی وڵاتەکەی دووبارە گرتۆتەوەبەر و لە ئێستادا ڕووبەڕووی شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسەکە بۆتەوە، ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکەش خێراتر لە جۆرە کۆنەکە دەگوازرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی بەڕیتانیا ڕایگەیاند لە ماوەی یەک ڕۆژدا 1631 حاڵەتی گیان لەدەستدانی دیکە تۆمارکراوە، بەمەش کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەرزبۆوە بۆ 100,162 حاڵەت.

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " بەرپرسیارێتی تەواوی هەموو ئەو کارانە هەڵدەگرم کە حکومەت ئەنجامیداون."

وتیشی " داوای لێبووردن دەکەم لەسەر هەموو ئەو ڕۆحانەی لەژیاندا نەمان، بێگومان وەکو سەرۆک وەزیری وڵاتەکە، بەرپرسیارێتی تەواوی هەموو ئەو کارانە هەڵدەگرم کە حکومەت ئەنجامیداون."

هەروەها لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 20089 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە، بەمەش کۆی حاڵەتەکانی توشبوون لە بەڕیتانیا لە 3,7 ملیۆن حاڵەت نزیک بۆوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG