Accessibility links

گردبوونەوە تایبەتیەکان لە لەندەن قەدەغە دەکرێن و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشیاری دەدات


وڵاتانی ئەوروپا ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان دووبارە ڕاگەیاندەوە و گردبوونەوە تایبەتیەکان لە شوێنە داخراوەکانی لەندەن و کۆمەڵێک شوێنی دیکەی بەڕیتانیا قەدەغە کران و ئاهەنگە تایبەتیەکانیش لە شوێنە گشتیەکانی فەڕەنسا قەدەغە کران، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشیاریدا لەوەی ڕەوشی ئەوروپا " جێی نیگەرانییەکی زۆرە."

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهاندا کارێکی زۆری کردۆتە سەر سیاسییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لین کۆبوونەوەی ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپای بەجێهێشت دوای ئەوەی دەرکەوت یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

لە هەمان کاتدا کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس کۆبوونەوە و جوڵەکانی تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە ڕاگرت، دوای ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

بەڕێوبەری لقی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هانز کلوگە وتی لە ئەوروپا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەوانەشی ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن تا دێت زیاتر دەبێت. لە ئێستادا ڤایرۆسی کۆرۆنا پێنجەمین هۆکاری گیان لەدەستدانە لە ئەوروپادا، ڕۆژانە زیاتر لە هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیان لەدەستدەدەن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی " ڕێژەی گیان لەدەستدانەکان پێدەچێت تاوەکو مانگی یەکی ساڵی داهاتوو چوار بۆ پێنج هێندەی مانگی چواری ئەم ساڵ زیاد ببن."

بەرپرسی بەڕێوەبردنی پەتای کۆرۆنا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ماریا ڤان بە فرانس پرێسی وت " هێشتا تەواو نەبووە، لەوانەیە ترسناک بێت، بەڵام پێم وایە خەڵک پێویستی بەوەیە لەڕووی دەروونیەوە ئامادەبێت و چاوکراوە بێت."

سەرۆکی شارەوانی لەندەن وتی دانیشتوانی پایتەختی بەڕیتانیا چیتر لە شوێنە داخراوەکاندا ناتوانن چاویان بە هاوڕێ و خێزانەکانیان بکەوێت.

وتی " ئەمە مانای ئەوەیە کۆبوونەوەکان لە شوێنی داخراودا مەحاڵ دەبن." لەنێوان ئەو کەسانەدا کە لەگەڵ یەکتر ناژین، چەند کەسیش بن گرنگ نیە.

لەلایەکی ترەوە وەزیری تەندروستی بەڕیتانیا مات هانکۆک وتی " ڤایرۆسی کۆرۆنا بکوژە و لە ئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو لە بەڕیتانیادا بڵاودەبێتەوە."

ڕۆژی چوارشەممە نزیکەی 20,000 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەڕیتانیا تۆمارکراوە و 137 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG