نوێنەری بەڕیتانیا لە کۆریای باکوور وتی وڵاتەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی باڵیۆزخانەکەی داخستووە و هەموو دیبلۆماتکارەکانی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە. ئەمەش لەنێوەندی ڕێوشوێنە توندەکانی کۆریای باکووردا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
نوێنەری بەڕیتانیا لە کۆریای باکوور کۆڵن کڕۆکس لە تویتەر وتی " لە 27 ی مانگی پێنجی ساڵی 2020 دا بەڕیتانیا باڵیۆزخانەکەی لە پیۆنگیانگ داخست و لە ئێستادا سەرجەم کارمەند و دیبلۆماتکارەکان کۆریای باکووریان جێهێشتووە."
وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " هۆکاری ئەو بڕیارە ئەوە بووە ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتەسەر چوونە ناو ئەو وڵاتەوە وایکردووە مەحاڵ بێت کارمەندەکان گۆڕانکاریان پێبکرێت و بەردەوام بە کارەکانیان بدەن لە باڵیۆزخانەکە."
هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بەڕیتانیا سوورە لەسەر پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی لەگەڵ کۆریای باکووردا و هەوڵدەدات بەزووترین کات بگەڕێتەوە.
تاوەکو ئێستا کۆریای باکوور هیچ توشبوونێکی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام هەموو هۆکارەکانی گواستنەوەی لەسەر سنوور قەدەغە کردووە و بۆ ماوەی چەند مانگێک بیانیەکان کەرەنتین دەکات.
لە مانگی سێدا کۆمەڵێک وڵاتی وەکو ئەڵمانیا و فەڕەنسا دیبلۆماتکارەکانیان لەو وڵاتە کشاندەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز