Accessibility links

بەڕیتانیا هۆشداری دەداتە چین دژی ترساندنی هاووڵاتیانی بیانی لەسەر خاکی بەڕیتانیا

بەڕیتانیا دەڵێت هەر ترساندنێکی هاووڵاتیانی بیانی لەسەر خاکی بەڕیتانیا لەلایەن چین یاخود هەر وڵاتێکی دیکەوە جێی قبوڵکردن نیە و لێکۆڵینەوەش لەو بابەتە دەکات، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ڕاپۆرتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە " بنکەی پۆلیسی نهێنی چینی."

بەڕیتانیا پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بنکەی پۆلیسی نهێنی ڕانەگەیەندراو لە وڵاتەکەدا " جێی نیگەرانییەکی زۆرن " و پۆلیس لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا بریکارانی فیدڕاڵی ئەمەریکا دوو هاوڵاتیان لە نیویۆرک دەستگیر کرد کە گوایە " بنکەیەکی پۆلیسی نهێنی " چینی لە چایناتاونی مانهاتن بەڕێوەدەبەن. چین وتی بە توندی دژایەتی " بوختان و چەواشەکارییەکانی ئەمەریکا " دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری پۆلیسی بەڕیتانیا کریس فیلیپ وتی حکومەت ئاگاداری ئەوەیە کە نزیکەی 100 بنکەی لەو جۆرە لە سەرانسەری جیهاندا هەن.

وتی " ئەم حکومەتە دەستوەردەدان لە هاووڵاتیانی بیانی و ترساندنی نێودەوڵەتی زۆر بە جددی وەردەگرێت. ئەوە بە تەواوەتی جێی قبوڵکردن نییە و هەرچی پێویست بکات دەیکەین بۆ ڕاگرتنی."

پێشتر چین ئاماژەی بەوەدابوو ناوەند هەن لە دەرەوەی چین کە لەلایەن خۆبەخشەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام ئەفسەری پۆلیسی چینی نین، مەبەست لەوەش یارمەتیدانی هاووڵاتیانی چینییە بۆ نوێکردنەوەی بەڵگەنامەکانییان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی دیکە بۆیان.

ڕۆژنامەی تایمز ڕۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە خاوەن کارێکی چینی کە بەستراوەتەوە بە " بنکەیەکی پۆلیسی نهێنی " چینەوە لە لەندەن، ئێوارەخوانێکی کۆکردنەوەی پارەی بۆ پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەوای بەڕیتانیا ساز کردووە.

دەستەی ناوخۆی پارتی پارێزگاران وتی دەزگاکانی ئاسایشی لەو بابەتە ئاگادار کردۆتەوە و ئەو پیاوە چیتر ئەندام نیە لە دەستەکەدا.

فیلیپ ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو دۆسییەیە بدات و وتی دۆسییەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

لەسەر پرسی ئەگەری کاریگەریی سیاسیی، فیلیپ وتی " سەرجەم پارتە سیاسییەکان دەبێت ئاگادار بن لەو مەترسییەی کە نوێنەرانی وڵاتانی دوژمنکار دروستییان کردووە و هەوڵی ئەوە دەدەن دزە بکەنە ناوییانەوە کاربکەنە سەر چالاکییەکانمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG