Accessibility links

بەڕیتانیا بە فەڕمی لە یەکێتی ئەوروپا جیادەبێتەوە


دوای ئەوەی لە یەکێتی ئەوروپا جیابۆوە، ڕۆژی هەینی بەڕیتانیا پەڕەیەکی نوێ لە مێژووی وڵاتەکەدا هەڵدەداتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 23:00 بە کاتی ناوخۆ و گرینیچ، بەڕیتانیا کارکردنی بە یاساکانی یەکێتی ئەوروپا ڕاگرت، دوای ئەوەی لە بازاڕی یەکگرتووی ئەوروپی و یەکێتی گومرگ کشایەوە.

لە ساڵی 2016 دا گشتپرسییەک لە بەڕیتانیا ئەنجامدرا و بەڕیتانیەکان لە بەرژەوەندی جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا دەنگیاندا، چوار ساڵ دوای گشتپرسییەکە و مشتومڕ وگفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان بەڕیتانیا و یەکێتیەکەدا، بەڕیتانیا بە فەڕمی لە یەکێتیەکە جیابۆوە.

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کە دیارترین ئەندازیاری برێکست بوو وتی " 2021 ساڵی گۆڕانکاری و هیوا " دەبێت.

جۆنسن وتی " بۆ ئێمە، ئەمە مانای کۆتایی هاتنی ناکۆکییەکانە سەبارەت بە ئەوروپا کە ماوەیەکی زۆرە سیاسەتی وڵاتەکەمانی ژەهراویکردووە، بۆ هاوڕێکانیشمان ئەمە بێگومان ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمەیان لەدەستدابێت."

جۆنسن وتیشی کشانەوەی بەڕیتانیا لە بازاڕی یەکگرتووی ئەوروپا " ساتێکی مەزنە " و جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکە " بەڕووی دەرەوەدا کراوە دەبێت."

لە لێدوانێکیدا بەبۆنەی ساڵی نوێوە وتی " ئەمە ساتێکی مەزنە، ئێستا ئازادی خۆمان لەدەست خۆماندایە، ئەوەش دەکەوێتەوە سەر خۆمان تا چەندێک ئەو ئازادییە لە سوودی خۆمان بەکاردەهێنین."

لەلای خۆیەوە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەمیانەی وتارەکەیدا بەبۆنەی ساڵی نوێوە وتی سەرەڕای جیابوونەوەی لە یەکێتی ئەوروپا، بەڕیتانیا هەمیشە وەکو " هاوڕێ و هاوپەیمانمان " دەمێنێتەوە.

دانوستکاری باڵای بەڕیتانیا لە گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوان بەڕیتانیا و یەکێتیەکە دەیڤد فرۆست لە تویتەر نوسیویەتی " بەڕیتانیا جارێکی دیکە بووەوە بە دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG