Accessibility links

ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا داوا لە بەڕیتانیا دەکات هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئێران توندتر بکات


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە لەندەن بەمەبەستی ئەنجامدانی وتوێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا، واپێشبینی دەکرێت داوا لە بەڕیتانیا بکات هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئێران و کۆمپانیای هواوی چینی توندتر بکاتەوە.

لە کاتێکدا بەڕیتانیا خۆی ئامادە دەکات لە 31 ی مانگی 10 دا لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە، دیبلۆماتکاران لەو باوەڕەدان لەندەن زیاتر پشت بە ئەمەریکا ببەستێت.

وتوێژەکانی بۆڵتن لەگەڵ بەڕیتانیادا سەنگ دەخاتە سەر بابەتی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی کۆشکی سپییە بۆ توندکردنەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەی بەڕیتانیادا بە ڕابەرایەتی بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیر، ئەمەش دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆک وەزیری پێشووی بەڕیتانیا تێریزا مەی گرژییان تێکەوت.

واپێشبینی دەکرێت بۆڵتن داوا لە بەرپرسانی بەڕیتانیا بکات سیاسەتیان بەرامبەر ئێران توندتر بکەنەوە و لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکادا بەرامبەر ئێران یەک بگرێتەوە کە سزایەکی ئابووری توندی سەپاندووە بەسەر تاراندا، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە.

تا ئێستا بەڕیتانیا پشتیوانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەکات بەڵام دەستبەسەراگرتنی کەشتیە نەوت هەڵگرە بەڕیتانیەکە لەلایەن ئێرانەوە لە تەنگەی هورموز، لەندەنی ناچارکردووە بیر لە هەڵوێستێکی توندتر بکاتەوە بەرامبەر ئێران.

هێزی دەریایی بەڕیتانیا لە چواری مانگی حەوتدا لە جەبەل تاڕیق دەستیان گرت بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری ئێرانیدا کە گومانی ئەوەیان لێدەکرت نەوت بگوازێتەوە بۆ سوریا. دواتر ئێران دەستی بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری بەڕیتانیدا گرت لە تەنگەی هورموز.

جێی ئاماژەیە لەم مانگەدا بەڕیتانیا هاتە پاڵ ئەمەریکا لە ئەرکێکی ئاسایشی دەریاییدا لە کەنداو بەمەبەستی پاراستنی کەشتیە بازرگانییەکان.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ وتی بۆڵتن بە بەڕیتانیەکان دەڵێت هەڵوێستیان بەرامبەر ئێران توندتر بکەنەوە و ئەگەر بەڕیتانیا کشانەوەی خۆی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕابگەیەنێت ئەوا فشارەکان بۆ سەر ئێران زیاتر دەبن، بەڵام ئەو بڕیارە بەمزووانە نادرێت.

سەرۆک ترامپ داوا لە بەڕیتانیا دەکات هەڵوێستی خۆی بەرامبەر کۆمپانیای هواوی چینی توندتر بکاتەوە و دەڵێت هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی. واشنتن دەیەوێت هاوپەیمانەکانی بە بەڕیتانیاشەوە خۆیان بەدووربگرن لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی هواوی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG