Accessibility links

بەڕیتانیا هۆشداری دەداتە ڕوسیا و چین: ڕۆژئاوا بەڕووی دیکتاتۆریدا دەوەستێتەوە


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس

بەڕیتانیا هۆشداریدایە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ لەسەر ئەوەی هاوپەیمانەکانی پێکەوە دژی دیکتاتۆری شەڕ لەپێناو دیموکراسیدا دەکەن.

لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئوستڕاڵیا، وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی بەڕیتانیا و هاوپەیمانەکانی " لە جیهانی ئازاددا " دەبێت وەڵامی هەڕەشە جیهانیەکان بدەنەوە و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیموکراتخوازدا لە دەریای هیندی و ئارامدا پتەوتر بکەن و " بەڕووی سەرکوتکارە جیهانیەکاندا بوەستنەوە " کە سەربەخۆیی ئابووری بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی چییان بوێت بەدەستی بهێنن.

تڕەس و وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس لەمیانەی کۆبوونەوەی ڕاوێژی ساڵانەی وەزیرانی بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیادا لە سیدنی چاوییان بە هاوتاکانیان کەوت و تیایدا تاوتوێی گرێبەستێکیان کرد بۆ فرۆشتنی ژێرئاوگەری ناوەکی بە ئوستڕاڵیا.

وەزیری بەرگری ئوستڕاڵیا پیتەر دوتۆن وتی هیچ پلانێک نیە بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی بەڕیتانیا لە ئوستڕاڵیا. دوو وڵاتەکە کۆمەڵێک گرێبەستیان واۆ کرد بۆ پشتیوانیکردنی ژێرخانی ئابووری لە ناوچەکەدا، ئەمەش لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی چین لە ناوچەکەدا.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوو وڵاتەکە نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا و جەختیان لە " پشتیوانی تەواوی خۆیان کردەوە بۆ سەروەری خاکی ئۆکرانیا."

تڕەس وتی " پوتن دەبێت بوەستێ و لەنزیک ئۆکرانیا بکشێتەوە بەرلەوەی هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی ئەنجام بدات."

وتیشی " داگیرکردن تەنها دەبێتە هۆی دروستبوونی زەلکاوێکی خراپ و مردنی خەڵکەکە، ئەوەش بەهۆی جەنگەکەی ساڵەکانی 1979 بۆ 1989 ی نێوان ڕوسیا ئەفغانستان و ململانێکانی چیچانەوە دەیزانین."

وتیشی " سەرکوتکارە جیهانیەکان بەشێوەیەک پشت ئەستوور بوون کە لە جەنگی ساردەوە بەوشێوەیە نەمانبینیوە. هەوڵدەدەن وەکو خزمەتگوزارییەک دیکتاتۆری هەناردەی سەرانسەری جیهان بکەن. لەبەر ئەوەیە ڕژێمەکانی وەکو کۆریای باکوور و بێلاڕوس و میانمار نزیکترین هاوپەیمانیان لە پەکین و مۆسکۆ دەدۆزنەوە."

ئاماژەشی بەوەدا بەڕیتانیا دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وەکو ئوستڕاڵیا و ئیسڕائیل و هیندستان و ژاپۆن و ئیندۆنیسادا کاربکات بۆ " ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکارە جیهانیەکان، بەتایبەتی لە دەریای هێمندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG