Accessibility links

بەڕیتانیا توانای زیندانەکانی زیاتر دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پشێوییەکانی وڵاتەکە


حکومەتی بەڕیتانیا توانای زیندانەکانی زیاتر کرد بۆ ئەوەی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ توندوتیژییەکان و پشێوییەکانی دژ بە موسوڵماناندا بکات کە ماوەی هەفتەیەکە بەردەوامە و بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە وڵاتان هاووڵاتیانیان ئاگادار بکەنەوە لە مەترسییەکانی گەشتکردن بۆ بەڕیتانیا.

دوای کوژرانی سێ کچ لە بۆنەیەکدا لە ساوثپۆرت، پشێوییەکان لە چەندین شار و شارۆچکەی بەڕیتانیا دەستییان پێکرد. ئەمەش دوای ئەوە بوو هەواڵێکی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە باسی لەوە دەکرد بکوژی سێ کچەکە کۆچبەرێکی موسوڵمان بووە.

پشێوییەکان پەرەیان سەند، پشێویکاران مزگەوتەکانییان دەکردە ئامانج و پەنجەرەی ئەو بینایایانەیان دەشکاند کە میوانداری کۆچبەرانی ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان کردووە، هاوارییان دەکرد " دەریان بکەن." لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەمین جارە پشێوی لەو شێوەیە لە بەڕیتانیا دروست ببێت.

وەزیری دادی بەڕیتانیا شابانا مەحمود وتی " پەیامی من بۆ هەر کەسێک کە دەیەوێت بەشدار بێت لەم توندوتیژی و دزییەدا سادەیە: پۆلیس و دادگاکان و زیندانەکان ئامادەن و ڕووبەڕووی دەرەنجامی کارەکانت دەبیتەوە."

وەزارەتی داد کە بڕیارە هەندێک لە زیندانییەکان پێش کاتی خۆیان ئازاد بکات چونکە زیندانەکان ئەو توانایەیان نیە و قەرەباڵغن، وتی نزیکەی 600 شوێنی زیندان دابینکراون بۆ زیندانیکردنی ئەوانەی کە بەشدار دەبن لە توندوتیژییەکاندا. تاوەکو ئێستا نزیکەی 400 کەس دەستگیرکراون.

پشێوییەکە هیندستان و ئوستڕاڵیا و نایجیریا و وڵاتانی دیکەی ناچار کرد هاووڵاتیانیان ئاگادار بکەنەوە وریا بن.

سامیناتا بانگورای تەمەن 52 ساڵ کە لە خانەیەکی بەساڵاچوواندا کاردەکات لە لیڤەرپووڵی باکووری بەڕیتانیا، وتی دوای ئەوەی لە سیێرا لیۆنەوە هاتووە بۆ بەڕیتانیا هەستی بەوە کردووە کە پێشوازی لێکراوە. بەڵام ئێستا دەترسێت و زیاتر لە ماڵەوە دەمێنێتەوە.

وتی " زۆر دەترسم، تەنانەت کاتێک پیاسەش دەکەم، چونکە هەمووان لە هەمووشوێنێک دەترسن، بە تایبەتی ئێمەی ڕەشپێست." باسی لەوە کرد چۆن کتێبخانەیەکی نزیک ماڵەکەی تێکدراوە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر بەڵینی سزادانی ئەو کەسانەی داوە کە بەشداربوون لە کارە تێکدەرانەکاندا، ئەوانەی بەردییان گرتووەتە پۆلیس و کاری توندوتیژییان دژی ئەو خۆپیشاندەرانە ئەنجامداوە کە دژی پشێوییەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە، هەروەها ئەوانەشی کە دوکانەکان تاڵان دەکەن و ئوتومبێلەکان دەسووتێنن.

ڕۆژی سێشەممە پۆلیس پیاوێکی تەمەن 28 ساڵی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەی ڕەگەزی لە پۆستێکدا لە فەیسبووک کە پەیوەست بووە بە توندوتیژییەکانەوە.

شەوی دووشەممە پشێوییەکان لە پلایماوثی باشووری بەڕیتانیا زیادییان کرد، بە هەمان شێوە لە بێڵفاستی باکووری ئێرلەنداش کە لەوێ پشێویکاران بۆمبی بەنزینییان دژی پۆلیس بەکارهێناوە و ئوتومبێلێکی پۆلیسییان سووتاندووە.

باس لەوە دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە ناوەندەکانی کۆچ و ئەو کۆمپانیا یاساییانەی کە یارمەتی کۆچبەران دەدەن دەکرێنە ئامانج، گروپەکانی دژ بە فاشیستیش دەڵێن ڕووبەڕووی هەر خۆپیشاندانێک دەبنەوە.

پۆلیس لۆمەی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروستی کردووە لە ئۆنلاین و کەسایەتییە دیارەکانیش دووبارەیان کردوونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئەو توندوتیژییە.

لە کۆتایی ساڵی 2023 دا، زیاتر لە 111,132 کەس هەبوون پشتیوانی پەنابەرییان لە بەڕیتانیا وەرگرتووە، 45,768 کەسییان لە هۆتێلەکان داندراون.

شارەزایان لەسەر توندڕەویی دەڵێن ڕاستە توندڕەوەکان کوشتنەکانی ساوثپۆرتییان بەکارهێناوە بۆ خستنەوەی توندوتیژی.

سوندەر کاتوالای بەڕێوبەری ثینک تانکی فیوچەری بەڕیتانیا کە سەنگی خستووەتە سەر کۆچ و ناسنامە، وتی کوشتنەکان بەکارهێندراون بۆ " بڵاوکردنەوەی جووڵاندنی خەڵکەکە بە تایبەتی دژی پەنابەران و موسوڵمانان، تەنانەت دوای ئەوەی کە هێرشبەرەکە دەرکەوت کە نە موسوڵمانە و نە کۆچبەریشە، ئەم توندوتیژییە هەر بەردەوام بوو."

پۆلیس وتوویەتی هێرشەکە پەیوەندی بە تیرۆرەوە نەبووە و هێرشبەرەکە لە بەڕیتانیا لە دایک بووە. ڕاپۆرتی میدیاکان باس لەوە دەکەن باوک و دایکی هێرشبەرەکە لە ڕوانداوە هاتوون بۆ بەڕیتانیا.

بەپێی ڕاپرسییەکی یۆگۆڤ کە لە ڕۆژی سێشەممەدا بڵاوکراوەتەوە، سێ بەشی بەشداربووان وتوویانە پشێویکاران نوێنەرایەتی دید و بۆچوونی بەڕیتانیا ناکەن بە گشتی، هاوکات لە سەدا 7 ی بەشداربووان پشتیوانییان لە توندوتیژییەکان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG