Accessibility links

ئیماڕات ڕێوشوێنەکانی هاتنی ئۆکرانییەکان بۆ وڵاتەکە توندتر دەکاتەوە


باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە ئیماڕات وتی ئیماڕات بڕیاریداوە لەمەودوا دەبێت هاوڵاتیانی ئۆکرانی داوای ڤیزا بکەن تاوەکو بتوانن بێنە وڵاتەکەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە هەزاران هاوڵاتی لە ئۆکرانیا لە دەست جەنگ هەڵدێن.

باڵیۆزخانەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەکو ئاگادارکردنەوەیەک بۆ هاوڵاتیانی ئۆکرانیا وتی بڕیارەکەی ئیماڕات لە ڕۆژی سێشەممەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئاماژەی بە هیچ هۆکارێک نەدا. بەرپرسانی ئیماڕاتیش لێدوانیان لەسەر بابەتەکە نەداوە.

ئانا گۆنچارنکۆی ئۆکرانی کە بۆ پشوو لە شاری دوبەی ئیماڕاتە، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیتەرز ڕەخنەی توندی لە بڕیارەکەی ئیماڕات گرت، " کە لەکاتێکدایە هەموو جیهان یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن."

وتی " ئەگەر ڕێگە نەدەن ئێستا ئۆکرانییەکان بێنە ئەم وڵاتەوە و داوای ڤیزا بکەن، ئەوا پێم وایە ئەمەی ئەم وڵاتە دەیکات تاوانە. چۆن دەتوانن لەم کاتەدا ڤیزا وەربگرن، مەحاڵە."

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە، زیاتر لە 650,000 هاوڵاتی ئۆکرانیا هەڵهاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا لە ئەوروپا. یەکێتی ئەوروپاش وتوویەتی ئامادەکاری دەکات بۆ وەرگرتنی ملیۆنان پەنابەری ئۆکرانی.

ئیماڕات تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکی بێلایەنەی هەبووە لە داگیرکارییەکەی ڕووسیادا دژی ئۆکرانیا، داوای ئاگربەست و دیبلۆماسی کردووە. ڕۆژی چوارشەممە دەزگای هەواڵی ئیماڕات وتی وڵاتەکە بڕی 5 ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی پێشکەشی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG