بەرپرسان دەڵێن قەتەڕ و ئیماڕات پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوانییان دەستپێدەکەنەوە و باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتر دووبارە دەکەنەوە، ئەمەش دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە کۆتایی هێنان بە بایکۆتکردنی قەتەڕ لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە.
بەرپرسێکی ئیماڕات لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆیتەرزدا وتی " لە ئێستادا دوو وڵاتەکە لە پڕۆسەی چالاککردنی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی نێوانیاندان، کە دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیشیان دەگرێتەوە."
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی قەتەڕ لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە " کار دەکرێت بۆ دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکان بە زووترین کات."
بەرپرسێکی کەنداو وتی پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا باڵیۆزخانەکان بکرێنەوە و باڵیۆزی نوێیان بۆ دەستنیشان بکرێت. چوارەمین سەرچاوە وتی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان بە تەواوەتی ئاسایی دەکرێنەوە.
دووبارە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوەندی هەوڵێکی فراوانتردایە بۆ خستنەوەی ئاشتەوایی لە نێوان ئێران و سعودیەدا کە مانگی ڕابردوو ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانیان دوای چەندین ساڵ لە ململانێ لە نێوانیاندا، کە مەترسی لەسەر سەقامگیری کەنداو دروست کردبوو و جەنگەکەی ناو یەمەنیشی سەختتر کرد.
لەم هەفتەیەدا سعودیە و حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن ئامادەی خولێکی دانوستانەکانی ئاشتی بوون، سەدان زیندانییان لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ کرد.
لە ساڵی 2017 دا سعودیە و بەحرەین و ئیماڕات و میسڕ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی قەتەڕ پشتیوانی لە تیرۆر دەکات و ڕووی لە ئێران کردووە، قەتەڕیش ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە.
لە ساڵی 2021 دا سعودیە و میسڕ یەکەمین وڵات بوون کە دووبارە باڵیۆزخانەکانیان لە دەوحە کردەوە، هەفتەی ڕابردووش بەحرەین ڕایگەیاند پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ قەتەڕ دەستپێدەکاتەوە.
سەرجەم ئەو وڵاتانە جگە لە بەحرەین لە ساڵی 2021 ەوە پەیوەندییە بازرگانی و گەشتەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا دەستپێکردۆتەوە، لەو کاتەدا ئیماڕات وتی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ قەتەڕ کاتی دەوێت.
بەرپرسەکەی کەنداو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی مانگی ڕابردوو بەرپرسانی قەتەڕ و ئیماڕات ڕێککەوتوون لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوانیان و ئەبوزەبی بە دەوحەی ڕاگەیاندووە کە باڵیۆزەکەی بۆ قەتەڕ کێ دەبێت. بەڵام هێشتا قەتەڕ ئەو کارەی نەکردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز