Accessibility links

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی بەرپەرچی موشەکێکی حوسییەکانی یەمەن دەداتەوە


ئیماڕات دەڵێت ڕۆژی دووشەممە بەرپەرچی موشەکێکی حوسییەکانی سەر بە ئێرانیان داوەتەوە لەکاتێکدا وڵاتەکە میوانداری سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگی کرد لە یەکەمین سەردانی فەڕمیدا بۆ ئیماڕات.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەمە سێیەمین جارە هێرش دەکرێتە سەر ئیماڕاتی هاوپەیمانی ئەمەریکا، لەلای خۆیەوە واشنتن سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان وتی موشەکی زولفیقارییان ئاڕاستەی ئەبوزەبی کردووە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشیان ئاڕاستەی دوبەی کردووە.

هەروەها دووبارە هۆشداریدایە دانیشتوان و کۆمپانیاکان و وتی " خۆتان بەدووربگرن لە باڵەخانە و دامەزراوە هەستیارەکان لە ئیماڕات."

وەزیری زانیاری حوسییەکان لە تویتەر نوسیویەتی " هێرشەکە پێشوازیکردن بوو لە سەرکردایەتی زایۆنیستەکان."

هێرشە موشەکییەکانی سەر ئیماڕات تیشک دەخەنە سەر زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەن لەنێوان حوسییەکان و هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیەدا کە ئیماڕاتیش بەشێکە لە هاوپەیمانێتیەکە و پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکەن.

بەرپرسێکی باڵای ئیماڕات وتی هێرشەکە " وروژاندنێکی بێسوود بووە و ئەوانەی ئیماڕات تاقی دەکەنەوە بە هەڵەداچوون."

وەزارەتی بەرگری ئیماڕات وتی هێرشە موشەکییەکە بیست خولەک بەر لە نیوەشەو بەرپەرچ دراوەتەوە و پاشماوەکەشی کەوتۆتە ناوچەیەکەوە کە کەس تیایدا ناژی. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا موشەکەکە ئەبوزەبی کردۆتە ئامانج یاخود دوبەی.

هێرشەکە لەکاتێکدا بوو سەرۆکی ئیسڕائیل سەردانی ئەبوزەبی دەکرد و لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیاندا کۆبۆوە و تاوتوێی پەیوەندییە ئاسایشیەکانی نێوانیان کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس لە تویتێکدا وتی " لەکاتێکدا سەرۆکی ئیسڕائیل سەردانی ئیسڕائیل دەکات بۆ بونیادنانی متمانە و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا، حوسییەکان بەردەوامن لە هێرشەکانیان کە هەڕەشەن بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی."

ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆکی ئیماڕات ئەنوەر قەرقاش وتی " ئێمە سوورین لەسەر ئامانجە ستراتیژییەکانمان بۆ بونیادنانی ناوچەیەکی سەقامگیر و جێگیر بۆ هەمووان و وروژاندنمان بێسوودە."

وەزارەتی بەرگری ئیماڕات وتی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانێتیەکە ئەو شوێنانەیان لە یەمەن کردۆتە ئامانج کە موشەکەکانی لێوە هەڵدەدران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG