Accessibility links

ئیماڕات پلانی نیە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر فڕۆکەی F-35 دەستپێبکاتەوە


بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئیماڕات ڕۆژی شەممە وتی ئیماڕات پێشبینی ناکات گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکادا دەستپێبکاتەوە سەبارەت بە گرێبەستێکی ملیاران دۆلاری لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی F-35، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کێ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا سەردەکەوێت.

ڕۆژی هەینی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ئیماڕات پلانی هەیە گفتوگۆکانی دەستپێبکاتەوە بۆ کڕینی فڕۆکەی F-35 و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار ئەگەر دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت، ئەمەش بەپێی چەند کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە.

ترامپ لە دوایین ڕۆژەکانی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی 2021 دا گرێبەستێکی واژۆ کردووە بۆ ڕێگەدان بە کڕینی ئەو جۆرە فڕۆکانە لەلایەن ئیماڕاتەوە، بەڵام ئیماڕات لە کۆتایی ئەو ساڵەدا گفتوگۆکانی ڕاگرت، نەیتوانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا لەسەر مەرجەکان ڕێکبکەوێت.

ئیماڕات لە مێژە هەوڵیداوە بۆ دەستکەوتنی ئەو جۆرە فڕۆکە شەڕکەرە پێشکەوتووە، کە بە تەکنەلۆجیایەک دروستکراوە دوژمن ناتوانێت بیانبینێت.

ئەگەر ئەمەریکا فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەیەی بە ئیماڕات پەسەند بکردایەوە، ئەوا ئیماڕات دەبووە دووەمین وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوای ئیسڕائیل فڕۆکەی شەڕکەری F-35 ی هەبێت.

بەرپرسەکەی ئیماڕات ڕۆژی شەممە وتی هەمان ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی ڕاگرتنی گفتوگۆکان لە ساڵی 2021 دا هێشتا ماونەتەوە و حکومەتیش پلانی نیە دووبارە گفتوگۆکان بکاتەوە.

بەرپرسەکە بە ڕۆیتەرزی وت " هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕاوە و پێشبینی گفتوگۆ ناکەین سەبارەت بە F-35 لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەبێ گوێدانە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG