دەزگای هەواڵی ئیماڕات ( وام ) ئاماژەی بەوەدا ئیماڕات نەخۆشخانەی مەیدانی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەکاتەوە، ئەمەش بەمەبەستی زیادکردنی تواناکانی کەرتی تەندروستی بۆ وەرگرتنی نەخۆشەکان.
دەزگاکە لە زاری وتەبێژی کەرتی تەندروستی ئیماڕات فەریدە حوسنیەوە بڵاویکردەوە " کۆمەڵێک نەخۆشخانەی مەیدانی چالاک کراون و لە قۆناغی دواتردا نەخۆشخانەی دیکەش لە سەرانسەری ئیماڕاتدا چالاک دەکرێن، بەوەش لە قۆناغی دواتردا ژمارەی نەخۆشخانە مەیدانیەکان دەگاتە حەوت نەخۆشخانە."
هێشتا شوێنی ئەم نەخۆشخانانە ڕوون نەکراوەتەوە.
لە ماوەی شەپۆلی یەکەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئیماڕات لە سەرانسەری وڵاتەکەدا نەخۆشخانەی مەیدانی کردەوە، بەڵام لەو کاتەوە هەندێکیان داخراون.
ڕۆژی سێشەممە 3005 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە. بەمەش کۆی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا بەرزبۆوە بۆ 375,535 حاڵەت، هەروەها 1145 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز