Accessibility links

ئەمەریکا و بەریتانیا سوورن لەسەر ڕێگەنەدان بە ئێران لەوەی ببێتە خاوەن چەکی ناوکی


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیری بەریتانیا دەڵێن هەردوو وڵات کۆکن لەسەر ڕێگەنەدان بە ئێران لەوەی ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا گوتی لە نێو ئەو هەڕەشانەی وڵاتانی ناتۆ ڕووبەڕووی دەبنەوە، دروستکردنی چەکی ناوکیـیە کە ڕەنگە گەورەترین هەڕەشە بێت بۆیان. گوتیشی ئەمەریکا و بەریتانیا سوورن کە ئێران چەکی ناوکی دروست نەکات و واز لە پشتیوانیکردنی تێرۆرزم بهێنێت.

گوتیشی بەریتانیا هاوبەشێکی سەرەکیـیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و پـێکەوە ڕێکەوتوون لەسەر تەرخانکردنی پارەی زیاتر بۆ بوجەی لەشکری. داواشی لە وڵاتانی ناتۆ کرد 2% ی داهاتی ساڵانەیان بۆ هاوپەیمانێتیـیەکەیان تەرخان بکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ بەشداریکردنی لە شەڕی دژی داعش و گوتی وەک چەند مانگێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کۆتایی بە خەلافەتەکەی داعش لە عێراق و سوریا هێنرا.

پاشان باسی لە پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا کرد و گوتی لە دوای چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، ئەوا هەردوو وڵاتی هاوپەیمان گرێبەستی ئابوری گرنگ واژودەکەن.

تێرێزا مەی لای خۆیەوە گوتی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک ترامپ باسیان لە گرنگی پـێکەوە کارکردنی هەردوو وڵات کرد بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وە ڕێگەگرتن لەوەی ئەو وڵاتە ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

لە بەشێکی قسەکانیدا خانم مەی جەختی کردەوە سەر پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی نێوان هەردوو وڵات و گوتی ڕۆژانە یەک ملیۆن ئەمەریکایی بۆ کۆمپانیا بەریتانیـیەکان کاردەکەن و هەروەها بە پـێچەوانەوە.

XS
SM
MD
LG