Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت دوو سەربازی لە بۆردومانێکی جیاخوازەکاندا کوژراون


سوپای ئۆکرانیا وتی ڕۆژی شەممە بەهۆی بۆردومانێکی هێزەکانی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، دوو سەربازییان کوژراون و چواری دیکە برینداربوون، ئەمەش لەکاتێکدا گرژییەکانی ناوچەکە لەم هەفتەیەدا سەریهەڵداوەتەوە و ڕۆژئاواش لەوە دەترسێت ئەمە سەرەتای کردەوە سەربازییەکەی ڕووسیا بێت.

سوپای ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە تاوەکو ئێستا لەمڕۆدا جیاخوازەکان 70 جار ڕێکەوتنی ئاگربەستیان پێشێلکردووە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 66 حاڵەتی هاوشێوەش هەبوون و ئێستا پێشێلکارییەکان زیادییان کردووە.

سوپای ئۆکرانیا وتی جیاخوازەکان تەقەیان لە زیاتر لە 30 گوندی بەرەکانی پێشەوە کردووە و تۆپهاوێژییان بەکارهێناوە کە بەبێی ڕێکەوتنەکانی ئاگربەست بەکارهێنانی ئەو چەکانە قەدەغەکراوە.

وتەبێژێکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی کۆمەڵێک لە یاسادانەرانی وڵاتەکە و میدیا بیانییەکان سەردانی ناوچەی ململانێکانیان کردووە و کەوتوونەتە ژێر تەقەوە و دواتر گواستراونەتەوە بۆ پەناگەیەک.

لەلایەکی دیکەوە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیایان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بۆردومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکان و وتیان دەبووایە وەکو خۆیان وەڵام بدەینەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG