کەناڵی فەڕمی ئێران دەڵێت بەهۆی دوو بوومەلەرزەی بەهێزەوە لە باشووری ئێران لە نزیک بەندەر عەباس لانی کەم کەسێک گیانی لەدەستداوە و دانیشتوانی ناوچەکەش ماڵەکانیان جێهێشتووە.
کەناڵەکە وتی بوومەلەرزەکان بە گوڕی 6.3 و 6.4 هەرێمی هۆرموزگانیان هەژاندووە و لەرەکانیشیان لە دوبەی هەستی پێکراوە.
کەناڵەکە لەزاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە " ستوونێکی کارەبا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەسەر کەسێکدا کەوتووە و گیانی لەدەستداوە."
لەم ساڵانەی ڕابردوودا کۆمەڵێک بوومەلەرزەی کوشندە لە ئێران ڕوویداوە، کوشندەترینیان لە ساڵی 1990 دا بوو کاتێک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 لە باکووری وڵاتەکەیدا و 40,000 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەرپرسێکی ئێرانی بە کەناڵەکەی وت " بوومەلەرزەکان لە کۆمەڵێک لە شارەکانی باشووری ئێران لە هەرێمی هۆرموزگان هەستیان پێکراوە." ئاماژەشی بەوەدا تیمەکانی فریاکەوتن ڕەوانەی ناوچەکە کراون.
لەلایەکی دیکەوە کەشناسی نیشتیمانی ئیماڕات وتی " بوومەلەرزەکە لە ڕۆژهەڵات و باکووری وڵاتەکەوە هەستی پێکراوە بەڵام کاریگەریی نەبووە."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا