Accessibility links

بەهۆی تەقەی ئازەربایجانەوە دوو سەربازی ئەرمینیا دەکوژرێن


ڕۆژی سێشەممە ئەرمینیا ڕایگەیاند لەسەر سنووری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دوو سەربازیی وڵاتەکە بە تەقەی ئازەربایجان کوژراون، ئەمەش لە یەکەمین ڕووداوی کوشندەدا دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو دوو وڵاتەکە دەستییان کرد بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکەی نێوانییان کە زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا وتی لە خاڵێکی چاودێریدا لە نزیک گوندی نەرکین هاندی باشووری ئەرمینیا دووان لە سەربازەکانی کوژراون و چەندین سەربازی دیکە بریندار بوون.

دەزگای خزمەتگوزاری سنووری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەکردنەوەی ئەنجامداوە دژی کارە وروژێنەرەکانی " هێزەکانی ئەرمینیا کە ڕۆژێک لەوەوپێش ئەنجامییان داون.

وتیشی " لە ئێستاوە کاری وروژێنەری زیاتر ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی جددیتر و یەکلاکەرەوەتر دەبێتەوە."

وتی " سوپا و سەرکردایەتی سیاسیی ئەرمینیا بە تەواوەتی بەرپرسن لەو ڕووداوە."

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان وتی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئەرمینیا تەقەیان لە پێگەکانی هێزەکانی ئازەربایجان کردووە لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای سنوورەکە، نزیکەی 300 کم دوور لە گوندی نەرکین هاندی ئەرمینیاوە. وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ڕەتی کردەوە ئەوە ڕوویدابێت.

زیاتر لە 30 ساڵە ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ململانێیەکدان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ.

لە مانگی نۆدا ئازەربایجان لە هێرشێکی سەربازیی خێرادا قەرەباخی کۆنتڕۆڵ کردەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دانیشتوانە ئەرمەنییەکە لە قەرەباخ هەڵبێن، هەروەها بووە هۆی ئەوەی دوو وڵاتەکە هەوڵێکی زیاتر بدەن بۆ گەیشتن بە پەیماننامەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکە بە شێوەیەکی فەڕمی.

هەرچەندە تەقەکردن لە یەکتری ماوەی چەند دەیەیەکە شتێکی ئاساییە لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا، لە دوای دەستپێکردنی گفتوگۆکانەوە سنوورەکە ئارامتر بووەتەوە، لە دوای ڕووخانی قەرەباخەوە لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا، ماوە بە ماوە شەڕ ڕوودەدات بەڵام مەترسییەکەی کەمترە.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا وادەردەکەوێت گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان دوو وڵاتەکە چەقی بەستبێت، لە کاتێکدا کە هەردوو وڵاتەکە یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی تێکدانی پڕۆسە دیبلۆماتییەکە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG